دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

مانگرتووانی سلێمانی قورسترین بڕیاردەدەن و تەندروستیش بەکارێکی هەڵەی ناوزەد دەکات

هەرێم نیوز

وتەبێژى مانگرتووانى سلێمانى رایگەیاند، مانگرتوان لە بەرامبەر بەدەمەوە نەهاتنی داواکانیان بڕیاریاندا چارەسەرە پزیشکیەکانیش ڕەتدەکەنەوە.

عوسمان گوڵپی، وتەبێژی مانگرتووانی سلێمانی ئەمرۆ هەینی  وتی، مانگرتووان کانیۆلاکانى دەستیان لێکردەوە و وەرگرتنى چارەسەرى پزیشکى رەتدەکەنەوە، بەهۆى بەدەمەوەنەهاتنیان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆ جێبەجێکردنى داواکارییەکانیان.

12  مامۆستا و فەرمانبەرى ناڕازیی سلێمانى ماوه‌ی 12 رۆژه‌  لەبەردەم بارەگاى نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانى مانگرتنیان راگەیاندووە و چەند داواکارییەکان خستووەتەڕوو کە سەرەکیترینیان بە بانکیکردنى موچەیە .

لەگەڵ بەردەوامى مانگرتندا دۆخى تەندروستى مانگرتووان بەردەوام روو لە خراپى دەکات و رۆژانە بەشێک لە مانگرتووان رەوانەى نەخۆشخانە دەکرێن.

د.سەباح هەورامى بەرێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى ئەمرۆ هەینى لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا لەبەردەم خێمەى مانگرتووان رایگەیاند، تەندروستى مانگرتووان دەچێتە قۆناغێکى دیکەوە و رەتکردنەوەى چارەسەر کاریگەرى خراپى دەبێت و پلانى دیکە دادەنێن لەو بارەیەوە.

وتیشى: "مانگرتووان کێشیان دادەبەزێت و لەگەڵ بڕیارەکەیاندا نین بۆ رەتکردنەوەى چارەسەرى پزیشکى، پشتیوانى مانگرتن لە خواردنیش ناکەین بەڵام پشتیوانى لە هەڵوێستەکانیان پرسێکى جیاوازە"

د.سەباح هەورامى باسى لەوەشکرد، : "تەنانەت ئەگەرى شکاندنى مانگرتنیش پێویستە لە ژێر چاودێرى تەندروستیدا بێت، چونکە رەنگە بەئەندازەى خۆراک وەرنەگرتنەکە، وەرگرتنى خۆراک بەبێ چاودێرى تەندروستى زیانى هەبێت".

ئەوە لەکاتێکدایە شەوی ڕابردوو لە راگەیەندراوێکدا مامۆستایانی مانگرتوو داوایان  لە هەموو خەڵک کرد لەدوای نوێژی هەینی بچنەبەردەم خێمەی مانگرتووان و دواتریش بڕیارە مانگرتووان چالاکییەکەیان ببەنە هەولێر.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP