هەرێم نیوز
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی هەڵدەوەشێنێتەوە و بڕیار دەدات جێبەجێکردنی یاسای هەموارکراوی لێبوردنی گشتی بەردەوام بێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 05-02-2025، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، ناکرێت جێبەجێکردنی یاسایەک ڕابگیرێت کە پەرلەمانی عێراق پەسەندی کردووە، پێش ئەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمیی وەقائیع بڵاو ببێتەوە.
گوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاندووە "بە گوێرەی دەستوور، بەو پێیەی پەسەندکردنی ئەو سێ یاسایە تاوەکوو ئێستە لە ڕۆژنامەی فەرمیی حکوومەتی عێراق (وەقائیع) بڵاو نەکراونەتەوە، دادگای باڵای فیدراڵی ناتوانێت جێبەجێکردنیان دوا بخات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، فائق زێدان دادگاکانی عێراقی پابەند کردووە بە جێبەجێکردنی هەمواری یاسای لێبووردنی گشتی، بەڵام ئاماژە بە جێبەجێکردنی یاسای گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان و باری کەسی نەکردووە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە، 04-02-2025، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقی لەسەر سکاڵای ژمارەیەک پەرلەمانتار، بە بڕیارێکی وەلائی، جێبەجێکردنی یاساکانی لێبووردنی گشتی، باری کەسی و گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان ڕاگرت.
هەرسێ پرۆژەکە لە دانیشتنی ڕۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2025 لە پەرلەمانی عێراق بەیەک پاکێج پەسند کران.