هەرێم نیوز
دادگای فیدراڵی عێراق بەشێوەیەکی کاتی، فەرمانی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی یاساکانی لێبووردنی گشتی و باری کەسی و گەڕانەوەی موڵک دەرکرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی 2ی 2025، دادگای فیدراڵی بە فەرمانێكی سالایی (ولائی)، جێبەجێكردنی هەرسێ یاسای (لێبوردنی گشتیی- هەمواری یاسای باری كەسێتیی- گەڕاندنەوەی موڵكەكان بۆ خاوەنەكانیان)ی راگرت.
ئەم سێ یاسایە رێككەوتنی هەرسێ پێكهاتەی شیعەو سوننەو كوردی لەسەر بوو.
هەمواری یاسای باری كەسیی لەسەر خواستی شیعەكان بوو، ناڕەزایەتیی زۆری لەلایەن رەوتە مەدەنییەكانەوە لێكەوتوەتەوە، بەوپێیەی رێگە بە بەشودانی كچانی منداڵ دەدات.
یاسای لێبوردنی گشتیی بۆ سوننەكان بوو، هەزاران كەس لە خەڵكی سەربەم پێكهاتەیە لەسەر بنەمای هەواڵدەری نهێنیی تۆمەتبار كراون و دواتر حوكمیان بۆ دەرچووە، شیعەكان لەم یاسایە ناڕازین و پێیانوایە بەوبۆنەیەوە سەدان كەسی تیرۆرست ئازاد دەكرێن.
هەروەها یاسای گەڕاندنەوەی موڵكەكان بۆ خاوەنەكانیان تایبەتە بە كوردو بۆ ناوچە جێناكۆكەكانە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژ سێشەممە 21ـی 1ی 2025ـ پەرلەمانی عێراق بەپێی بەرنامەی کاری خۆی لە بڕگەی یەکەمدا دەنگی لەسەر پرۆژە یاسای پێشنیازی باری کەسی ژمارە(188)ـی ساڵی 1959 بۆ هەردوو ماددەی(2 و 10) دا، بڕگەی دووەمی دانیشتنەکەش کرایە دەنگدان لەسەر ماددەی(5)ـی پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان و دەنگی لەسەر درا، لە بڕگەی سێیەمیشدا، دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای هەموواری دووەمی لێبووردنی گشتی ژمارە(27)ـی ساڵی 2016 درا.