هەرێم نیوز
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی دوو فیرقەی نوێی وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی کرد و بە هەنگاوێکی گرنگی نیشتیمانی ناوبرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، 4ـی 2ی، 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی فیرقەی سێ و چواری وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایگەیاند "پێشمەرگە تەنیا هێزی سەربازی ئاسایی نییە، بەڵکو هەمیشە هێمای قارەمانیێتی و فیداکاری و پارێزەری ئاسایشی کوردستان و بەشێکی گرنگی ناسنامەی نیشتمانیمان بووە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان توانی لەژێر فەرماندەیی سەرۆک بارزانی ئەفسانەی داعش تێک بشکێنێت."
سەرۆکی هەرێم وتیشی : پێشمەرگە لە جیهاندا بووە بە سیمبوڵی ئازایەتی و مایەی شانازیی گەلی کوردستان، لەناو هەموو گەلانی جیهان، ناوی پێشمەرگە وەک جەنگاوەرێک قارەمان لە پێناو پاراستنی مرۆڤایەتیدا دەرکەوت، دەستبەکاربوونی فیرقەی سێ و چوار دەستکەوتە بۆ کوردستان و هەنگاوێکی گرنگە بۆ دروستکردنی هێزێکی نیشتیمانیی یەکگرتوو.
دەقی وتارەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان :
به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ كیڤن لی،
فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى له عێراق و سووریا،
ئامادەبووانی بەڕێز،
رۆژتان باش،
هه‌موو لایه‌كتان زۆر بەخێربێن بۆ رێوڕه‌سمى ده‌ستبه‌كاربوونى هه‌ردوو فیرقه‌ى سێ و چوارى پیاده‌ى وه‌زاره‌تى كاروبارى پێشمه‌رگه. پاش ئه‌وه‌ى ئۆكتۆبه‌رى رابردوو فه‌رمانى هه‌رێمیمان بۆ دامه‌زراندنى ئه‌و دوو فیرقه‌یه ده‌ركرد، زۆر خۆشحاڵین كه ئه‌مڕۆ وه‌ك به‌شێك و هه‌نگاوێكى دیكه‌ى پرۆسه‌ى چاكسازى و یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه له‌ژێر چه‌ترى وه‌زاره‌تى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا، ده‌ستبه‌كارده‌بن.
ئەمڕۆ به ده‌ستبه‌كاربوونى ئه‌م دوو فیرقه‌یه، ئێمه شاهیدی هەنگاوێکی نوێ و پڕبایه‌خین له‌م كاروانه‌دا كه چه‌ندین ساڵه به‌رده‌وامه. ئەم دەستکەوتە تەنها هەنگاوێکی رێکخستن یان کارگێڕی نییە، بەڵکو نیشانه‌ى ئیرادەی پته‌ومان و بەرهەمی ئه‌و قوربانییە گەورانه‌یه، کە گەلى كوردستان و پێشمه‌رگه لە ماوەی چەندین دەیەدا، پێشکێشیان کردووە.
بەڕێزان،
پێشمەرگە، تەنها هێزێکی سەربازیی ئاسایی نییه، بەڵکو هەمیشە هێمای قارەمانییه‌تی و فیداکاری و پارێزەری ئاسایشی کوردستان و به‌شێكى گرنگى ناسنامه نیشتمانییه‌كه‌ى بووه. هه‌ر له یه‌كه‌م رۆژى دروستبوونییه‌وه، هێزى شۆڕش و پارێزه‌رى گه‌لى كوردستان بووه. کاتێک ڕێكخراوى تیرۆریستیی داعش وەک هەڕەشەیەکی جیهانی دەرکەوت، پێشمەرگە لە ڕیزى پێشەوەی ئەو هێزانە بوو کە رووبەڕووی ئەم مەترسییە و هه‌ڕه‌شه‌كانى بوونەوە.
پێشمەرگە، قاره‌مانانه شەڕێکی قورسی لە پاڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بەڕێوەبرد و بۆ جیهانی سەلماند کە تەنها هێزێک نییە بۆ بەرگری لە کوردستان، بۆ پاراستنى پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتیانه‌ى هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان، بەڵکو قەڵخانێکە بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی لەم هەڕەشە هاوبەشە. بۆیه ئه‌و شانازییه‌ى پێ بڕا كه به‌رگرى له ته‌واوى مرۆڤایه‌تى بكات و له‌پێناویدا به گیان و خوێن بجه‌نگێت، له كۆتاییشدا سه‌ركه‌وێت و له‌ژێر فه‌رمانده‌یى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانیدا، ئه‌فسانه‌ى داعش تێكبشكێنێت.
بەهۆی قاره‌مانییه‌تى و سه‌ركه‌وتنه مه‌زنه‌كانییه‌وه، پێشمەرگە لە ئاستی جیهاندا بووە سیمبوولى ئازایەتی و مایه‌ى شانازیى گه‌لى كوردستان. له‌ناو هه‌موو گه‌لان و وڵاتانى جیهاندا، ناوى پێشمه‌رگه، وه‌ك جه‌نگاوه‌رێكى قاره‌مان له‌پێناو پاراستنى مرۆڤایه‌تیدا ده‌ركه‌وت.
به‌ڕێزان،
ئەم دەستکەوته‌ى ئه‌مڕۆ بەدینەدەهات، ئەگەر پشتگیریی هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نەبووایە کە بە شێوەیەکی كارا بەشدار بوون له هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى یه‌كخستنه‌وه. لە بەهێزکردنی تواناکانی هێزەکانی پێشمەرگە، چ لە رێگەی مه‌شق و راهێنان، یان دابینكردنى پێداویستیى سەربازی، یانیش پشتگیریی لۆجیستی.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆمان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه بۆ ئەو رۆڵەی، دۆستانمان له هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی به‌سه‌ركردایه‌تیى ئه‌مریكا بۆ پشتگیریی ئێمە لە عێراق و هه‌رێمى كوردستان له سەختترین کاتەکاندا، گێڕاویانه.
هه‌روه‌ها بۆ یارمەتیدانمان لە پرۆسەی چاکسازی و یه‌كخستنه‌وه و رێکخستنەوەى پێشمه‌رگه. دۆستانمان له هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، به‌تایبه‌تى ئه‌مریكا، به‌ریتانیا، ئه‌ڵمانیا، هۆڵه‌ندا، هه‌نگاریا، ئیتاڵیا و فه‌ره‌نسا، بەشدارییان لە دانانی بنەماکانی پێو‌یست بۆ یەکخستنی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگەدا كردووه، کە هەماهەنگی و کارایی دەستەبەر دەکات و پێشمه‌رگه ئامادە دەکات بۆ ئەوەی ببنە هێزێکی پیشەیی و شەفاف. هێزێك، بە دڵسۆزییەوە خزمەتی گەلی کوردستان دەکات و به‌شێكى كارا و كاریگه‌ر ده‌بێت له سیستمى به‌رگریى عێراق.
ئامادەبووانی بەڕێز،
پێکهێنانی فیرقه‌كانى سێیەم و چوارەمی پیاده‌ى پێشمه‌رگه، ئەمڕۆ هەنگاوێکی گرنگ و ستراتیژییە بەرەو بەدیهێنانی ئامانجی گەورەترمان كه بریتییه له دروستکردنی هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو. هێزێك كه پیشەیی و ڕێكخراوتر بێت و لە بەرامبەر هەر هەڕەشە و مه‌ترسییەک، توانای پاراستن و بەرگریکردنی لە وڵات هەبێت.
ئەم هێزانە لەژێر چەتری وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگەدا کار دەکەن و دڵنیایی دەده‌ن له‌وه‌ى هێزەکانمان هەمیشە لە ئامادەباشیی تەواودا ده‌بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى.
راسته، پشتگیریى دۆستانمان زۆر پێو‌یست و گرنگه، بەڵام ئێمه باش دەزانین کە له كۆتاییدا سەرکەوتنی راستەقینەى ئەم پرۆسەیە، پشت بە ئیرادەی ناوخۆییمان دەبەستێت. یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە پێویستی بە کارکردنی هەموومانە بە رۆحی یه‌كتیمی و زاڵبوون بەسەر هەر دابەشبوون و ناکۆکییەک کە لەوانەیە رێگر بێت لەم پڕۆژە نیشتمانییە. پێشمه‌رگه ده‌بێ هێزێكى نیشتمانیى دوور له سیاسه‌ت و ده‌ستتێوه‌ردانى حیزبى بێت، بۆ پاراستنى كوردستان.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته داوا له پارتى دیمو‌كراتى كوردستان و یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان ده‌كه‌م، ئه‌وپه‌ڕى هاریكارى بنوێنن و یارمه‌تى بده‌ن بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى چاكسازى و یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه. سه‌رخستنى ئه‌م پرۆسه‌یه، ئه‌ركێكى نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌یی هه‌موومانه و پێویسته هه‌رچى گرفت و كێشه‌ى به‌رده‌م پرۆسه‌كه هه‌یه، چاره‌سه‌ر بكرێن، تاوەكو له كۆتاییدا هه‌موو پێشمه‌رگه، وه‌ك هێزێكى نیشتمانیى كوردستانى، له‌ژێر چه‌ترى وه‌زاره‌تى كاروبارى پێشمه‌رگه‌دا كۆبكرێنه‌وه كه یه‌ك سه‌ر‌كردایه‌تى، یه‌ك كۆنترۆڵ و یه‌ك ناوه‌ندى ئاراسته‌كردنى هه‌بێت.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
وێڕاى ئه‌وه‌ى، هه‌نگاوه‌كانى پرۆسه‌ى چاكسازى و یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه، به‌پێى خواست و چاوه‌ڕوانیى ئێمه نییه، به‌ڵام كار و هه‌وڵه‌كانى ئێمە بۆ سه‌رخستنى ئه‌م پرۆسه‌یه، لێرەدا ناوەستێت.
ئەم پڕۆژە نیشتمانییە بەڵێنی ئێمەیە بەرامبەر گه‌لى كوردستان و نەوەکانی داهاتوو. بۆیه بە هەموو وزە و توانا و ئیراده و پێداگرییەوە، بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌كه، بۆ ئه‌وه‌ى هێزەکانی پێشمەرگە هەمیشە نیشانه‌ى یەکڕیزى و هێز و قەڵخانێک بن بۆ پاراستنی کوردستان لە هەموو هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كان.
هه‌ر له‌م بۆنه‌یه و له كاتێكدا هاریكارى و هه‌ماهه‌نگیى پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى سوپاى عێراق زۆر پێو‌یست و زۆر گرنگ هه‌ڵده‌سه‌نگێنین، داوا له حكومه‌تى فیدراڵى عێراق ده‌كه‌ین، به‌پێى ده‌ستوور و یاسا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا بكات و، وه‌ك به‌شێك له سیستمى به‌رگریى عێراق، له هه‌موو روویه‌كه‌وه ئه‌رك و پابه‌ندییه‌كانى خۆى به‌رامبه‌ر پێشمه‌رگه جێبه‌جێ بكات.
قاره‌مانییه‌تى و قوربانییه‌كانى پێشمه‌رگه و خوێنی پاكى شەهیدانى نه‌مرى كوردستان، له‌گه‌ڵ پشتگیریی هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و پابەندیی هاوبەشمان، وا دەکەن ئەمڕۆ لێرە دا بە شانازی و سەربەرزییەوە له كاروانى خزمه‌ت و پێشخستنى كوردستان به‌رده‌وام بین و، هه‌رگیز كۆڵ نه‌ده‌ین له هه‌وڵى یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه.
دڵنیام، ئه‌م ده‌ستبه‌كاربوونه‌ى هه‌ردوو فیرقه‌ى سێ و چوار و به‌رده‌وامى و به‌ره‌وپێشچوونى پرۆسه‌ى یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه، وێڕاى هه‌موو به‌ربه‌ست و كێشه‌كان، مایه‌ى خۆشحاڵییه‌كى زۆرى گه‌لى كوردستانه و گیانى شه‌هیدان شاد ده‌كات.
هه‌روه‌ها له كاتێكدا ناوچه‌كه به دۆخێكى ئاڵۆزدا تێده‌په‌ڕێت و رووبه‌ڕووى چه‌ندین ئاڵنگارى ده‌بینه‌وه، گه‌لى كوردستان به تامه‌زرۆیى و ئومێده‌وه چاوه‌ڕێى هه‌واڵى دامه‌زراندنى كابینه‌ى تازه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه.
بۆیه داوا له لایه‌نه سه‌ركه‌وتووه‌كانى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌م، ئه‌مه بكه‌نه ئه‌وله‌وییه‌تى یه‌كه‌میان و به سه‌ركه‌وتنى گفتوگۆكان و رێككه‌وتن و پێكهێنانى حكومه‌تى تازه، دڵى گه‌لى كوردستان خۆش بكه‌ن. به زووترین كات، حكومه‌تێك پێكبهێنن كه وه‌ڵامگۆى داوا و پێشبینییه‌كانى هاووڵاتییانى هه‌رێمى كوردستان بێت.
ده‌ستخۆشى و سوپاس و پێزانینمان بۆ هەموو ئەوانەی بەشدارییان لە بەدیهێنانی ئەم دەستکەوته‌ى ئه‌مڕۆدا كرد.
سڵاو و دروود بۆ گیانى پاكى شه‌هیدان،
هه‌ر سه‌ركه‌وتوو بن پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانمان.
هیواى رۆژێكى خۆش بۆ هه‌موو لایه‌كتان ده‌خوازم.
زۆر سوپاس.