دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

گەڕانەوە بۆ ئامێزی نیشتمان؛ ١٥٣ ڕووفاتی دیکەی ئەنفالکراوان ڕادەستی هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ شەممە، ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، کاروانێکی تری ڕووفاتی قوربانییانی ئەنفال کە لە ١٥٣ ئەنفالکراو پێکهاتوون، بە ئامێزی نیشتمان شاد دەبنەوە.

ئامادەکارییەکان بۆ ڕادەستکردنی ڕووفاتەکان
دامەزراوەی شەهیدان و پزیشکی دادی ئامادەکاری بۆ ڕادەستکردنی ١٥٣ ڕووفاتی ئەنفال بە هەرێمی کوردستان دەکەن.

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان و دۆزینەوەی ڕووفاتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ئەنفالکراوان، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بێسەروشوێنکراوانی سەربە دامەزراوەی شەهیدان، بە هاوکاریی پزیشکی دادی، ئامادەکارییان بۆ ڕادەستکردنی کاروانێکی تری ڕووفاتی شەهیدانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کردووە کە ژمارەیان ١٥٣ ڕووفاتە.

سەرجەمی ١٥٣ ڕووفاتەکە لە ژن و منداڵ پێکهاتوون کە قوربانیی پرۆسەکانی ئەنفالن و لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە شەهید کراون. سەرجەم ئەو ڕووفاتانە ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێن، بە مەبەستی گواستنەوە و ناشتنی کاتیی.

دۆزینەوە لە بادیەی سەماوە
ڕووفاتەکان پێشتر لەلایەن تیمەکانی گەڕان و پشکنین لە یەکێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ناوچەی بادیەی سەماوە دۆزرابوونەوە. ئەو شوێنانە تایبەت بوون بە قوربانییانی شاڵاوی ئەنفال کە لەلایەن ڕژێمی پێشوو هێرشیان کرابووە سەر.

دۆزینەوە و دەرهێنانی ئەم ڕووفاتانە لە سنووری سەماوە، لە چوارچێوەی بەدواداچوونە بەردەوامەکانی دەزگای شەهیدان و فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دێت، بە مەبەستی ئاشکراکردنی چارەنووسی قوربانییانی پرۆسەکانی ئەنفال کە لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە زیندەبەچاڵ کرابوون، هەروەها هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP