دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

پەیوەست بە سزاکانی ئەمریکا؛ گەشتە ئاسمانییەکانی هەولێر و سلێمانی بۆ ئێران و بەپێچەوانەشەوە ڕاگیران

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ هەینی، بڕیاری ڕاگرتنی گشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی بۆ وڵاتی ئێران و بە پێچەوانەشەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمریکادا دێت کە بەسەر کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی ئێرانداسەپێندراون.

ڕاگرتنی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان
هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی لە ئەمڕۆ هەینییەوە گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ فڕۆکەخانەکانی ئێران ڕاگرتووە.
بەمەش هیچ فڕۆکەیەک لەو دوو فڕۆکەخانەیەوە بەرەو ئێران نافڕێت، بە پێچەوانەشەوە هیچ فڕۆکەیەک لە ئێرانەوە بۆ ئەو دوو فڕۆکەخانەیە نایەت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ هەینی ئیدارەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندبوو کە لە کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینییەوە (٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٦) سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی هاتن و چوونیان بۆ وڵاتی ئێران ڕاگرتووە.

پێشتریش و لە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووەوە، فڕۆکەخانەی بەغدا بەڕووی گەشتی کۆمپانیا ئاسمانییەکانی ئێراندا ڕاگیرابوو.

پاشخانی بڕیارەکە و سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا
ئەم هەنگاوانە دوای ئەوە دێن کە لە ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦دا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای خستبووە سەر ٣٦ لایەنی پەیوەندیدار بە کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران، لەو ژمارەیەش ۲۷ کۆمپانیای فڕۆکەوانی بەدی دەکران.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا فەرمانی بە سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە و جیهان کردبوو گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران ڕابگرن، ئەمەش وای کردووە عێراق و هەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەندی بڕیارەکانی ڕاگرتنی گەشتەکان ببن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP