هەرێم نیوز
سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم کۆبووەوە سەرەڕای سوپاسکردنیان، رایگەیاند، هیوادارین هەموارکردنی بودجە کێشە هەڵواسراوەکانی دیکەی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەر بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 4ی2ی2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێزان شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا کۆبووینەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، شاندەکە کورتەیەکیان دەربارەی ئەنجامی گفتوگۆ و دیدارەکانیان لە بەغدا تایبەت بە هەموارکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
مەسرور بارزانی وتیشی، سوپاسی ئەندامانی شاندەکە و هەموو تیمە تەکنیکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان کرد کە زۆر پیشەییانە و دڵسۆزانە ئەرکەکانیان جێبەجێ کردووە ، هیواشمان خواست دەنگدان لەسەر هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ، ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی دیکەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.
ئەمەش لەکاتێکدایە، دووشەممە، 3ـی 2ی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستە ڕوو، دوای 15 ڕۆژ لە کاری بەردەوامی شاندە تەکنیکییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بۆ چارەکردنی کێشە تەکنیکییەکان و جێبەجێکردنی داواکاریەکان و ئامادەکردنی خشتەکان لەبارەی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە سەربازی و ئەمنیەکان و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، دواجار توانرا هەردوولا لەسەر شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە ڕێکكەوتنی کۆتایی.