هەرێم نیوز
عومەر فەقێ لە دیمانەیەکدا ستایشی سەدام حوسێن دیکتاتۆری عێراقی کردووە، بە ئاشکرا سووکایەتی و جنێو بە قوربانییانی رژێمی سەدام حوسێنی تاوانبار دەدات و دەڵێت، لەسەرم دەکەوێ یان ناکەوێ سەری بە قەبری ئەو کەسەی کە پێی ناخۆشە، من باسی لایەنە باشەکانی سەدام دەکەم و زوڵمەکەشی خوا باجی پێدا.
ئەم قسانەی لە کاتێکدا کردووە کە باسی لە کچەمۆدێلەکانی سەردەمی ئێستا کردووە، کە ئەو سەدام حوسێن لەمڕووەوە بەباش دەزانێت. ئەو ڕەحمەت بۆ کەسایەتییەک دەنێرێت کە تاوەکو ئێستاش دۆزینەوەی ئێسک و پرووسکی ئەو کوردانەی لەژێردەستی ئەودا بەناحەق کۆمەڵکوژ دەکران هێشتا کۆتایی نەهاتووە. هەروەها بەپێی دەستووری عێراقیش پشتگیری یان ستایشکردنی سەدام و ڕژێمی پێشوو خۆی نایاساییە و سزادانی بەدواوەیە، بۆیە چەندین کەس بەتایبەت کەسوکاری شەهیدان سکاڵایان لەسەر عومەر فەقێ تۆمار کردووە.
سەدام حوسێن خۆی کەسێکی لە نزیکی خۆی هەبوو بەناوی کەمال حەنا، کە هەرکات هەر ژنێکی بویستایە بۆی دەهێنا و سێکسی لەگەڵ دەکرد. لە سەردەمی سەدام حوسێندا و بەتایبەت هەردوو کوڕەکەی عودەی و قوسەی، ڕەفتاری لادانی سێکسی و کاری قێزەونی وەهایان دەکرد لە مێژوودا وێنەی نەبووە. عودەی بەوە ناسراوبوو پێگەی خۆی بۆ حەزە قێزەونە سێکسییەکانی بەکاردەهێنا و دەستدرێژی دەکردە سەر ژنان و پیاوان و ژنانی ناچار دەکرد کاری بەدڕەوشتی و سێکسی بکەن. جارێک کە عودەی بۆ ئاهەنگێکی بووک و زاوا بانگهێشت کرابوو، حەز لە بووکەکە دەکات و بەزۆر دەستدرێژی دەکاتەسەری، دواتریش ئەو بووکە خۆی دەکوژێت.
عەلا بەشیر پزیشکی تایبەتی بنەماڵەی سەدام دەڵێت، عودەی کوڕی سەدام دووچاری نەخۆشییەک ببوو کە بە ئەشکەنجە و ئازاری ژنان نەخۆشییە دەروونییەکەی ئەهوەن دەکردەوە. عودەی لە میوانییەکدا تەواوی ژنان و پیاوانی میوانییەکە ناچار دەکات خۆیان ڕووت بکەنەوە بەبەرچاوی کوڕ و کچی خۆیانەوە.
ئەو کارە قێزەونانەی لە سەردەمی سەدام و بنەماڵەکەیان دژ بە ژنان و کچان دەکرا، لەگەڵ ئەو تاوانانەی دژ بە مرۆڤ بەگشتی و کۆمەڵکوژیی و خوێنڕشتنی کورد بە ژن و منداڵ و پیر و گەنجەوە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لەبیرناچن، بۆیە ستایشکردنی سەدام حوسێن لەلایەن عومەر فەقێوە دەنگدانەوەی گەورەی لە ناو خەڵکدا دروستکردووە و سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت و کەسوکاری شەهیدان ئامادە نین بێدەنگ بن.