نوسینى: ئەكرەم طالب الوشاح
وەرگێڕانى : هەرێم نیوز
سەرەتا:
مێژووى نوێی کورد پڕیەتى لە کەسایەتى وا کە رۆڵی سەرەکییان هەبووە لە ئاڕاستەکردنى رێڕەوى خەباتی کوردایەتیدا، یەکێک لەوانە ئیدریس بارزانییە، ئەو یەکێکە لە کارەکتەرە سیاسى و سەربازییەکانى قۆناغێکی هەستیاری خەباتى خەڵکی کوردستانە، بۆ تێگەیشتن لە کەسایەتى ئەو پێویستە سەیری ئەو مێژووە بکەین کە ئەوەى تێداژییاوە بۆ ئەوى رۆڵ و کەسایەتى ئەوەى تێدا بخوێنینەوە، پەیوەندییە بەهێزەکانى لەنێو هێزە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە جۆاروجۆرەکانى و کاریگەریی ئەوە لەسەریان دەرک بکەین.
ئیدریس بارزانى تەنها سەرکردەیەکى هەڵکەوتووى نێوبنەماڵەى بارزانییەکان نەبووە، بەڵکو مێژوویەکى گرنگی هەبووە، پیاوى دەوڵەتمەداریی و لە هەمان کاتدا بیرمەندێکی سیاسی بووە، بیردۆزی تایبەت بەخۆی هەبووە، کە لەنێوان واقیعیەتى سیاسی و دەستپێشخەریدا پێکەوە گرێى داون، بۆ ئەوەى خەونى کوردایەتى بەدیبێت ، ئەوەش کاریگەریی هەبووە لەسەر هەڵوێستە سیاسی و چالاکییەکانى، بەشداریی دەکات لە گوتاریی سیاسی نوێی کوردایەتیدا.
رۆڵی مێژوویی لە پێگەیشتنى ئیدریس بارزانى دا:
ئیدریس بارزانى لە کاتێکدا لەدایکبوو کە واقیعێکی ئاڵۆز و ناهەموار لەئارادابوو لە رووى سیاسییەوە، کێشەى کورد لەنێو هەڵکشان و داکشاندابوو، لەنێوان هیواى بەدەستهێنانى مافەکانى کورد و فشارە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکاندا.
لەوماوەیەدا جوڵانەوە کوردییەکان روبەڕووى چەوساندنەوە و لەناوبردن و کێشە دەبوونەوە، بنەماڵەى بارزانییەکانیش یەکێک بوون لە دیارترینیان کە لەنێو ئەو ململانێیانەدا رۆڵیان هەبووە.
ئیدریس بارزانی لە لەژینگەیەکى پڕ لە خەبات و لەرخۆداندا گەورەبووە، باوکی جەنراڵ -مستەفا بارزانی- سەرکردەیەکى نەتەوەیی بەرجەستە بوو، چەندین شۆڕش و بەرخۆدانى کوردی سەرکردایەتى کردووە بۆ بەدەستهێنانى مافى نەتەوەکەى، ئیدریس بارزانى کەوتبووە ژێر کاریگەریی ئەو ژینگە سەخت و ناهەمووارە، هەرلە گەنجێتییەوە شانی خستە ژێر باری کوردایەتى و چووە نێو کایە سیاسی و سەربازییەکان کە هێشتا لەسەرەتاى لاوێتیدا بوو.
پێگەى جوگرافی کوردستان رۆڵی سەرەکی هەبووە لە دروستکردنی کەسایەتى ئیدریس بارزانیدا، لەبەر ئەوەى کوردستان چواردەور دراوە بەو نەتەوانەى کە زۆر توندن لە پاراستنى نەتەوەکانیاندا، دەیانەویست بە هەرشێوەیەک بووە زیان بە کورد بگەیەنن، ئەو ژینگەیە پێویستى کردبوو لە سەر ئیدریس بارزانى کەپێى خۆش بێت یان نە دەبێـت سیاسی بێت و لە هەمان کاتیشدا چەکدارێکى جەربەزە بێت و لەنێوان سیاسەت و پێداویستییە نەتەوەییەکاندا هاوسەنگی دروستبکات.
رۆڵی ئیدریس بارزانى لە بزووتنەوەى رزگاریخوازی کوردستاندا:
ئیدریس بارزانى رۆڵی سەرەکی هەبووە لە بەدەستخستنى پشیتوانى بۆ بزووتنەوەى رزگاریخوازی کوردستان لەسەردەمی نوێدا، نەک هەر لە بوارى سەربازییدا بەڵکو لە بوارى سیاسی و دبلۆماسیشدا کە توانیبووى پشتیوانى زۆرى هەرێمى و نێودەوڵەتى بۆ کێشەى کورد بەدەستبهێنێت.
1- رۆڵی لە بوارى جەنگ و سیاسەتدا
ئیدریس بارزانى شان بەشانى پێشمەگە جەنگاوە، لەهەموو جەنگەکاندا مەسعودى براى لەگەڵدا بووە، ئەوان پێکەوە رۆڵی سەرەکییان هەبووە لە رێکخستنەوەى هێزە کوردییەکاندا، پەرەیان بە ستراتیژییەتى سەربازیی داوە دژ بەو رژێمانەى کە شەڕی کوردیان کردووە، ئەو تەنها جەنگاوەرێک نەبووە، بەڵکە بۆ بەرگریی و جوڵانەوە سیاسییەکە وەک بیرمەندێکی ستراتیژیی کارى کردوو و لەنێوان باڵی سەربازیی و سیاسیدا هاوسەنگی دروستکردووە.
هەروەخا رۆلی هەبووە لە دانوستانە سیاییەکاندا کە لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکەو نێودەوڵەتییدا کراوە، لە حەفتاکانى سەدەى رابوردوودا بەشێک بووە لەوکارانەى کەکراوە بۆ سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان، ئەوەش قۆناغێک بووە کە ململانێی گەورە هەربووەلە نێوان کورد و حکومەتى عێراقیدا، کە بە پشتیوانى حکومەتەکانى دیکەى ناوچەکە شەڕی کوردیان کردووە، پێکەوە لەگەڵ مەسعود بازرانى برایدا ستونێکى گەورەى شۆرشەکە بوون.
2- ئیدریس بارزانى و پەیوەندییە هەرێمییەکان
ئیدریس بارزانى سیاسەتمەدارێکى واقیعبین بوو، دەیزانى کە کێشەى کورد ناتوانێت لە چواردەورەکەى داببڕێت و پەیوەندیی لەگەڵ چواردەورەکەى ببچڕێنێت، بۆیە هەوڵی دەدا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا پەیوەندیی دروستبکات، بۆ ئەوەى پشتیوانى کێشەکەى بکەن و لە خواستەکانى تێبگەن.
ئەم کارەش هەروا ئاسان نەبووە، بەڵکو روبەڕوویی ئاستەنگی زۆر بووەتەوە بەهۆی ئەو بارودۆخە ناهەموارەى کە لە رۆژهەلاتى ناوەڕاستدا هەبووە، وڵاتانى ناوچەکە بەرژەوەندییان پێکەوە ئاڵاوە ، لەگەڵ ئەوەشدا ئیدریس بارزانى وەک یاریزانێکی کارامە دەیتوانى رۆڵی خۆی لە هاوکێشە سیاسییەکەدا بگێرێت.
کەسایەتى ئیدریس بارزانى لەنێوان خەبات و واقیعیەتى سیاسییدا:
کەسایەتى ئیدریس بارزانى بەوەدا جیادەکرایەوە کە لەنێوان بابەتەسیاسی و هەنگاوە تەکتیکییەکاندا رۆڵی هەبووە، ئەو بەباشی لەوە تێگەشتبوو کە خەباتى سەربازیی بەتەنها ناتوانێت دەستەبەری مافەکانى کورد بکات، بەڵکو دەبێت کورد بەشێک بێت لە یارییە سیاسییەکانى ناوچەکە و بگرە جیهانیش.
ئەو پیاوێکى ستراتیژبین بوو چاوى بۆ دوور هەڵدەخست، ئەو پەلەپەلى نەدەکرد لە دەرکردنی بڕیارەکانیدا، ئەو دەیەویست شرۆڤەى هەموو هەنگاو و بریارێک بکات، سەرەڕای ئەوەش هیچ کاتێک درێغى لەبوارى سەربازیی و بەکارهێنانى هێز نەکردووە ئەگەر پێویست بووبێت، ئەوەش وایکردبوو کە بگوترێت هاوسەنگ بووە لە نێوان سەربازیی و سیاسییدا.
هەروەها ئیدریس بارزانى لەگەلەکەى دابڕاو نەبووە، بەڵکو هەمیشە لە ناوپێشمەگەو خەڵکدا بووە، ئەوەش ببوە هۆی ئەوەى کە لەناو خەڵکدا رێزی زۆری بگیرێت و هەر ئەوەش وایکردووە کە ئەو میراتە بگاتە نێچیرڤان بارزانى کوڕی کە ئێستا سەرۆکی هەرێمى کوردستان ، بەشێک لە مێژوونوسان و شرۆڤەکاران باس لەوەدەکەن لێکچوونى زۆر لەنێوان ئەو دوو کەسایەتییە و برا و برازاکانیدا هەیە هەزار رەحمەتیان لێبێت.
میراتە سیاسی و فیکرییەکانى ئیدریش بارزانى:
لەدواى مردنەکەى ئیدریس بارزانى میراتێکى زۆری سیاسی و فیکری بۆ جێهێشتووین، کە تا ئێستاش کاریگەرییان لەسەر گۆڕەپانى روداوە سیاسییەکان ماوە، ئەو یەکێک بوو لەوانەى کە بەشداریی کردووە لە دانانى بەردى بناغەى ئەو داواکارییانەى کورد لەسەردەمی نوێدا هەیەتى، هاوکاریی کوردی کردووە لە دیاریکردنى شوناسى نەتەوەیی لە بەرامبەر ئەو ئاڵەنگارییانەدا کە هاتوونەتە بەردەمی.
دیارترین بەشدارییەکانى بریتین لە:
• چەسپاندنى چەمکی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان وەک هەنگاوێکى سەرەتایی بەرەو سەربەخۆیی.
• پەرەپێدانى پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان ئەوەش وایکردووە کێشەى کورد رەهەندێکی دبلۆماسیەتى نوێ وەربگرێت.
• بونیادنانى سەرکردە لەسەرە تێکەڵەیەک لەنێوان سیاسەت و سەربازییدا، ئەوەش کاریگەریی هەبووە لە سەر نەوەکانى دواى خۆی کە سەرکردەى لەوشێوەیە بەرهەم بهێنێت.
ئەمڕۆ چۆن ئیدریس بارزانى بخوێنینەوە؟
بۆ ئەوەى ئیدریس بارزانی وەک خۆی لەنێو مێژوودا بناسین، دەبێت بیخەینەوە نێو سیاقى بزووتنەوەى رزگاریخوازیی کوردستان بەشێوەیە گشتییەکەى، لەڕووى ژمارەو تواناوە، لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتى پێشکەوتنى سیاسی بەهێز بەرجەستەبکات.
ئەمڕۆ، دەبێت کەسایەتى ئەو بەو شێوەیە بخوێنینەوە کە چەندە کاریگەریی لەسەر سیاسەتى کوردیی دابنێت، بەشێوەیەک تا ئێستاش هاوسەنگی لەنێوان باڵی سەربازیی و دبلۆماسییەتدا بکرێت لەنێو بۆچوون و لایەنە کوردییەکاندا.
هەورەک چۆن ئەزموونی ئیدریس بارزانى هەلێکمان پێدەدات کە سروشتى ململانێ نەتەوەییەکانى کورد لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا تێبگەین، هەروەها ئەو لایەنانە چۆن مامەڵە دەکەم لەگەڵ بزووتنەوە رزگاریخوازەکانی کورد کە روبەڕووى ئاڵنگارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەبێتەوە.
بەم شێوەیە، ئیدریس بارزانى تەنها کەسێکى ئاسایی نێو مێژووى کورد نییە، بەڵکو بەشێکى دانەبڕاوى نێو مێژووى ململانێی بەردەوانە، بەشداریی کردوەوە لە دارشتنى هۆشیاریی سیاسی و سەربازیی کورددا، ئەو سیاسەتمەدارێکى جەربەزە و شارەزا بووە، دەوڵەتمەدار بوو دەیزانى کێشەى کورد چەندە ئاڵۆزە، دەیەویست چارەسەری واقیعییانە بدۆزێتەوە لەکاتێکدا لە بیروباوەڕە نەتەوەییەکەشى دوور نەکەوێتەوە.
خوێندنەوەى کەسایەتى و شرۆڤەکردنى رۆڵەکانى لە نێوبزووتنەوەى رزگاریخوازیی کوردستاندا، تەنها دروستکراوێکى مێژوویی نەبووە، بەڵکو سیاسەتى خوێندبوو، خەباتى دەکرد، دەبێت سوودى لێوەربگیرێت بۆ ئەوەى لە نێوململانێی نەتەوەیی دا لەجیهاندا سوودى لێببینرێت، وە چۆن بتوانرێت بە زیرەکی و شارەزایی و وەک نموونەیەکى کوردی وێنا بکرێت کە بە خوێن و ئاسان و ئاگر و دڵگەرمیی نوسراوەتەوە، ئەمەش هەر ئەوکەسەیە کە مێژووی کوردى کۆن و نوێ و سەردەمى کورد بەدوایدا دەگەڕێت.