هەرێم نیوز
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ كەناڵی سكای نیوز عەرەبیە ڕایگەیاند، عێراق پێویستی بەهاوكاری نێودەوڵەتیە بۆ روبەڕوبونەوەی هەڕەشە بەرەو هەڵشكانەكانی رێكخراوی داعش.
فوئاد حوسێن دەڵێت، مەترسی هەیە لە چۆنیەتی مامەڵەكردنی ئیدارەی نوێی ئەمریكا لەگەڵ پێشهاتەكانی ناوچەكە. گفتوگۆكان بەردەوامن لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان، لەبارەی بوونی سوپاكەی لە عێراق و پێشخستنی پەیوەندییەكان لەگەڵی.
ئاماژە بەوەش دەکات: حكومەتی عێراق لە هەوڵدایە زامنی ئەوەبكات بڕیاری ئەمنی و سەربازی لە دەستیدابێت، نەك لە دەستی گروپە چەكدارەكان.
وتیشی، گفتوگۆ لەگەڵ گروپە چەكدارەكان بەردەوامە بۆ رادەستكردنی چەكەكانیان. سەقامگیری سوریا كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر ئاسایشی عێراق.
باسی لەوەش کرد، بوونی (10بۆ12) هەزار ئەندامی داعش لە زیندانەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات، رەنگە ببنە هەڕەشەی ئەمنی بۆ عێراق ئەگەر ئازادبكرێن، ئەوەش پێویستی بە هاوكاری نێودەوڵەتیە بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو رێكخراوە لە سنورە هاوبەشەكان.
جەختی لەوەش کردەوە، پەیوەندییەكان بەردەوامن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا، سەرەڕای ئەوەی لەم كاتەدا هیچ سەردانێكی فەرمی نییە بۆ دیمەشق.