دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

گواستنەوەى داعشەکان لە سوریاوە بۆ عێراق ترس و دڵەڕاوکێی دروستکردووە

هەرێم نیوز 

حکومەتى عێراق لەگەڵ دەسەڵاتى نوێی سوریا رێککەوتنێکیان کردووە بۆ گواستنەوەى کەمپى دەستگیرکراوەکانى داعش لە سوریاوە بۆ عێراق و ئەوەش نیگەرانى و ترسی لەنێو خەڵک و چاودێرانى سیاسیدا دروستکردووە، بەگوێرەى راپۆرتەکان کەمپى هۆڵ لە رۆژئاواى کوردستان پڕیەتى لە چەکداریی دەستگیرکراوى داعش وکەس و کارو هاوسەرەکانیان و بەگوێرەى راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانیش نەوەیەکى تازە لەو کەمپەدا  پەروەردەکراون کە لەسەر بنەماکانى توندوتیژیی بیردەکەنەوە، رۆژنامەی مەداى عێراقى ئاماژە بەوە دەکات هەرچەندە جاروبار ژمارەیەک لەو دەستگیرکراوانە گەڕێنراونەوە کەمپى جەدعە لە موسڵ، بەڵام بەم شێوە فراوانە نەبووە و نەبوونەتە مەترسیى، ئاماژەى بەوەشکردووە لەنێوان 2013 بۆ 2019 نزیکەى 53 هەزار پیاو وژن و منداڵى چەکدارە داعشەکان لە هەشتا وڵاتى جیهانەوە ئەندامیان لەو کەمپەدا هەیە و بەشێکییشیان گەڕێنراونەتەوە بۆ وڵاتانى خۆیان و بەشێکى دیکەیان نەگەڕاونەتەوە، هەرچەندە چەند جارێکیش هەوڵى دەربازبوونیان دراوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، ئیدارەی زیندانەکەش چەندینجار بانگەوازیی بۆ هەموو وڵاتان کردووە کە ئەندامەکانى خۆیان ببەنەوە بەڵام وەک پێویست نەهاتوون بەدەم ئەو داوایەوە، رۆژنامەى مەدا ئاماژەى بەوەشکردووە لە ئێستادا 50 هەزار کەس لەنێو ئەو کەمپەدان کە لەلایەن هەسەدەوە بەڕێوە دەبرێت و 90% یان ژن و منداڵن 25 هەزاریان عێراقین، 18 هەزاریان سورین و 7800 کەسى دیکەیان هاووڵاتیی 57  وڵاتى دیکەن، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە ئەم بابەتە مەترسییەکى گەورەیەو خەڵک و رێکخراوەکانى کۆمەڵی مەدەنى و شرۆڤەکارانى نیگەران کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP