دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 21 کاتژمێر پێش ئێستا

ساڵ ڕۆژی کارەساتى یەکی شوباتى هەولێر

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان بەوپەڕی نیگەرانییەوە یادى کارەساتى یەکی شوباتى هەولێر دەکەنەوە کە لە رۆژی لە 1 شوباتى 2004 لە یەکەم رۆژى جەژنى قوربان و لە کاتى پێشوازیکردن لە میوانەکانى جەژندا هیرش کرایە سەر هەردوو بارەگاى لقی پارتى دیموکراتى کوردستان و مەڵبەندی یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و بوە هۆی شەهیدبوونى 103 کەس و بریندار بوونى زیاتر لە 246 کەسی دیکە، کە بەشێک لە بریندرەکانى پەلێکیان لەدەستدا و تا ئێستاش بەو دەردەوە دەناڵێنن، ئەمڕۆش بە ئامادەبوونى سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستان یادەکە بەشکۆوە بەڕێوە دەچێت و تاجەگوڵینە لەبەردەم مۆنۆمێنتەکەیان دادەنرێت، هەرچەندە ئامانجی تیرۆریستان دروستکردنى کەلێن بوو لەنێوان یەکێتى و پارتیدا بەو پێیەى تازە ئاشتەوایی سەرتاسەرییان ئەنجامدابوو، بەڵام خوێنى بەناهەقڕژاویان ئەو خەونەى بەدى نەهێنان و دواجار پەیوەندییەکانیانى بەهێزتر کرد.

لەو هێرشانەدا کە بەدواى یەکدا لە لایەن دوو تیرۆرستى خۆکوژەوە ئەنجام دران کە لە لایەن ئەنسارولئیسلامەوە پلانى بۆدانرابوو، بەشێک لە شەهیدەکان سەرکردە دیارەکانى یەکێتى و پارتی بوون، ئەوە لە کاتێکدا هەردوو حیزب تازە ئاشتەوایی تەواویان ئەنجام دابوو، هەر بۆیە لە دواى ئەو ڕوداوەوە حکومەتى هەرێمی کوردستان سیاسەتى ڕوبەڕوبونەوەى تیرۆری دارشتەوە، تیرۆریان وەک هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بگرە ناوچەکەو جیهانیش لێکدایەوە و بۆ ئەو مەبەستەش دەزگاى دژەتیرۆریان پێکهێنا، کە تا ئێستاش بەگژ ئەو لایەن و دەستەو تاقمانەدا دەچێتەوە کە هەڵگری بیری تیرۆرن و پەرەى پێدەدەن.

ساڵانە لە هەرێمی کوردستان یادی ئەو کارەساتە دەکرێتەوەو خەڵک و لایەنە بەرپرسەکان تاجە گوڵینەى ڕێزلێنان لەبەردەم ناو و وێنەى شەهیدەکاندا دادەنێن کە لە نێو پارکی سامى عەبدولرەحمانى هەولێردا شوێنێکی تایبەت و مۆنۆمێنتێکیان بۆ دروستکراوە، کە خۆی یەکێک بوو لەو شەهیدانەى لەو کارەساتەدا گیانى لەدەستدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP