هەرێم نیوز
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، دوو سەربازی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لەلایەن پەکەکەوە شەهیدکراون و یەکێکی دیکەشیان برینداربووە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەکاتێکدا هێزەکانمان لە ئەرکەکانیان بۆ پاراستنی ناوچە سنوورییەکانی سنووری زاخۆ بوون لەلایەن چەکدارانی تیرۆریستی پەکەکەوە دەستڕێژی گوللەیان لێکرا.
وەزارەتەکە دەشڵێت، لە ئەنجامی دەستڕێژییەکە دوو سەربازمان شەهیدبوون و یەکێکی دیکەیان برینداربوو.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەرێم نیوز، بەیانی ئەمڕۆ لە هێرشێکدا لە سنووری باتیفا دوو لە پاسەوانانی سنوور شەهید بوون و یەکێکی دیکەش بریندار بووە، ئەو دوو پاسەوانەی شەهید بوون؛ شەهید عەلی ڕەمەزان ئیسماعیل خەڵکی قەزای سێمێڵە و شەهید مێهڤان ناجی میر شەرەف هاوڵاتی خەڵکی دهۆکە.
بریندارەکەش ناوی بێوار جەمیل ئیبراهیمە و بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن گواستراوەتەوە و ئێستا باری تەندروستی باشە.