دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

دۆخی غەززە؛ 69 ساڵ لە گەشەسەندن دواکەوتووە و 21 ساڵیشی دەوێت تا پاکدەکرێتەوە

هەرێم نیوز

حەماس ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ناوی چوار بارمتەی داهاتووی ئیسرائیل دەداتەوە کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە ئازاد دەکرێن. پێشبینی دەکرێت بارمتەکان چوار ژن بن کە دوو سەرباز و دوو هاوڵاتی مەدەنین.

هەروەها ئیسرائیل لە ئاڵوگۆڕێکدا کە بڕیارە سبەی شەممە ئەنجام بدرێت، نزیکەی ١٨٠ ژنە زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکات.

هەر بەپێی ڕێککەوتنی ئاگربەست، گرووپی فەلەستینی حەماس، بڕیارە زانیاری بدات بە ئیسرائیل سەبارەت بەوەی کە لە ٣٠ بارمتەی دیکە کامیان لە ژیاندان و بڕیارە لە ماوەی شەش هەفتەی یەکەمی ئاگربەستەکەدا ئازاد بکرێن.

هەروەها بڕیارە سبەی هەزاران پەنابەری غەززە بگەڕێنەوە باکور، چونکە زۆربەی هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە دەکشێنەوە.

ڕێککەوتنی نوێی ئاگربەست لە غەززە لە دوای ١٥ مانگ لە شەڕ لە دوایین ڕۆژی مانگی یەکەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە قۆناغی یەکەمدا و لە ڕۆژی دووەمدا سێ ژنە بارمتە ئیسرائیلییەکان بە ٩٠ زیندانی فەلەستینی ئاڵوگۆڕ کران.

ئەم ئاگربەستە کە بڕیارە سێ قۆناغی هەبێت، لە بەرەبەیانی یەکشەممەی ڕابردوو دەستی پێکرد، ئەگەرچی پێش دەستپێکردنیش نزیک بوو هەڵبوەشێتەوە.

لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکەدا، چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی هەزار و ٩٠٠ فەلەستینی ئازاد بکرێت لە بەرامبەر ئازادکردنی ٣٣ بارمتەی ئیسرائیلی.

بەرپرسێکی باڵای بەرنامەی خۆراکی جیهانی کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژانە ٦٠٠ بارهەڵگری یارمەتی ڕەوانەی غەززە دەکات کاتێک ئاگربەست دەست پێدەکات بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەو ٢.٢ ملیۆن کەسەی کە لە کەرتی کەنار دەریا شەڕیان لێکەوتووە.

زیاتر لە 90%ی دانیشتووانی غەززە کە زۆرجار ئاوارەن، شوێنی حەوانەوەیەکی پێویستیان نییە و بۆ دابینکردنی بژێوی خۆیان تووشی مەینەتی بوونەتەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە دوای ئاگربەستەوە تاڵانی بارهەڵگرەکان کەمتر کراون، بەڵام گیرانی ڕێگاوبانەکان و داروپەردوو و بۆمبی نەتەقیو وایکردووە گەیاندنی هاوکاری قورس بێت.

زۆربەی ئەو فەلەستینیانەی کە دەگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان ماڵەکانیان وێران بووە و پێویستی بە یارمەتییەکان ئەوەندە زۆرە کە بەرپرسی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە "سەرسوڕهێنەر" وەسفی کردووە و بەرپرسێکی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەکەم ڕۆژی ئاگربەستەکەدا ڕایگەیاندووە کە گەشەسەندنی غەززە ٦٩ ساڵ لە وادەی خۆی دواکەوتووە.

دوایین هەڵسەنگاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ زیانەکانی غەززە ئاماژە بەوە دەکات کە پاککردنەوەی زیاتر لە ٥٠ ملیۆن تۆن داروپەردوو کە لە دوای بۆردومانی ئیسرائیلەوە بەجێماوە، دەتوانێت ٢١ ساڵ بخایەنێت و تێچووەکەی دەگاتە یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار.

لە کاتی شەڕی غەززەدا کە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دەستی پێکرد کە بووە هۆی کوژرانی ١٢٠٠ هاووڵاتی ئیسرائیلی و ئۆپەراسیۆنەکانی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل، زیاتر لە ٤٧ هەزار فەلەستینی و نزیکەی ٤٠٠ سەربازی ئیسرائیلی لە غەززە کوژران.

مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی نوێی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە لە یەکەم ڕۆژی کارەکەیدا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە ئێران و بارمتە ئیسرائیلییەکان لە غەززە قسەی کرد.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ ڕوبیو ڕایگەیاندووە، "پاراستنی پشتیوانی بەهێزی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لە پێشینەی کارەکانی ترەمپە"، ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتۆن "بێ ماندووبوون" کاردەکات بۆ یارمەتیدانی ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP