دواین هەواڵ

ئابوری‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

مەسرور بارزانی بۆ ڕۆیتەرز: لە گرێبەستە نەوتییەکانی عێراق و بەریتانیا لە ناوچە جێناکۆکەکان دەبێت هەرێمی کوردستانیش بەشداربێت

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، دەبێت هەرێمی کوردستانیش بەشداربێت لە کۆبوونەوەکانی نێوان کۆمپانیایی نەوتیی بریتش پتڕۆڵیۆم و عێراق لە کەرکووک و نابێت لە ناوچە جێناکۆکەکان بڕیاری تاکلایەنە بدرێت.

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز رایگەیاند، دەبێت کۆبوونەوەی سێ لایەنە لەبارەی گرێبەستە نەوتییەکانی نێوان عێراق و کۆمپانیای بریتش پتڕۆڵیوم لە کەرکوک بکرێت و هەرێمی کوردستانیش بەشداری پێبکرێت.

لەو چاوپێکەوتنەدا وتوویەتی، بە گوێرەی دەستوور، هەرێم و بەغداد ناتوانن بڕیاری تاکلایەنە لەبارەی ناوچە جێناکۆکەکانەوە بدەن، بۆیە جێبەجێکردنی گرێبەستە نەوتییەکان بەبێ گەڕانەوە بۆ هەولێر نادەستوورییە.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، دژی پەرەپێدان بە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک نین بەڵکو دژی شێوازی جێبەجێکردنەکەین و پێویستە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەبارەیەوە بکرێت.

دەربارەی زیاد بەرهەمهێنانی نەوتیشەوە مەسرور بارزانی دەڵێت، هەرێمی کوردستان رۆژانە ٢٨٠ بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت ئیدی چۆن زیاد لەوەی ئۆپیک دیاری کردووە بەرهەمی هێناوە؟ بەغداد هەمیشە خەتای ئەو بابەتانە دەخاتە ئەستۆی هەرێمی کوردستان، چونکە خەتا خستنەسەر کوردەکان ئاسانە.

سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێ، چیدیکە ناتوانن بێدەنگ بن بەرامبەر مامەڵە خراپەکانی بەغداد و هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی پشکی هەرێم لە بەرهەمهێنانی نەوت و بودجەی گشتی عێراق.

پێشتر بەغدا و بریتش پتڕۆڵیۆم ڕێککەوتنێکی پێشوەختەیان واژۆ کردووە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەگەری دووبارە گەشەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی کەرکوک.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق هەفتەی ڕابردوو بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت ئەم گرێبەستەک گەورەتر بێت لە ڕێککەوتنی کۆمپانیای تۆتال ئینێرجیز (TTEF.PA) بۆ ساڵی 2023 کە لە بەسرە دەکرێتەوە و بەهاکەی نزیکەی 27 ملیار دۆلارە.

کۆمپانیای بریتش پتڕۆڵیۆم ئەندامی کۆمەڵەی کۆمپانیا نەوتییەکان بووە کە لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا نەوتیان لە کەرکوک دۆزیوەتەوە و مەزەندەی کردووە کە ئەو ناوچەیە نزیکەی ٩ ملیار بەرمیل نەوتی وەرگیراو لەخۆ دەگرێت.

کۆمپانیاکە 50% پشکی لە کۆمپانیایەکی هاوبەشدا هەیە کە کێڵگەی نەوتی زەبەلاحی ڕومایلا لە باشووری وڵات بەڕێوەدەبات، کە سەدەیەکە لەوێ کاردەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP