دواین هەواڵ

کوردستان‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی بانگهێشتی سووریا کرا

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا لە داڤۆس کۆبوونەوە و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، دۆخی گشتیی سووریا و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کرا. 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23-01-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە. 

ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە کۆبوونەوەکەیەکی دۆستانەدا، دۆخی گشتیی سووریا و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کرا."

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە "وەزیری دەرەوەی سووریا، کورتەیەکی دەربارەی بارودۆخی نوێی سووریا و هەوڵەکانی ئیدارەی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیریی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی خستەڕوو."

وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوەدا "کورد خوشک و برای ئێمەن و پێکهاتەیەکی گرنگ و ڕەسەنی سووریان و دڵنیایی دەدەین کە مافەکانیان پارێزراو دەبێت."

ئەوەش خراوەتە ڕوو "وەزیری دەرەوەی سووریا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بانگهێشتی دیمەشق کرد و گوتی هیوادارین کە لە ئایندەیەکی نزیکدا لە شام بتبینین."

سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە "پاراستنی ئاشتیی و ئارامیی سووریا بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە و لەمبارەیەوە ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هەموو پشتگیریی و هاوکارییەکی پێویست بۆ خوشک و برایانمان لە سووریا."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پاراستنیی مافی هەموو پيکهاتەکانی سووریا و لەنێویشیاندا گەلی کورد."

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ نزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکان و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی سووریا بەرز نرخێنرا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP