هەرێم نیوز
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی هاوپەیمانیی سەرکردایەتیی سوننەی یەکگرتوو دەداتەوە و رایدەگەیەنێت: "جێبەجێکردنی پەیڕەوی وەزاری و بەرنامەی حکومی لە ماوەیەکی دیاریکراودا گەیشتووەتە 76. داواکارییە رەواکانی ئێوەش بە گوێرەی یاسا و دەستوور جێبەجێ دەکەین".
ئەمرۆ هەینی، هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەڵامی سەرکردە سووننەکانی دایەوە و ڕایگەیاند؛ جەخت لە پابەندیی و ڕژدیی خۆمان لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکوومەت دەکەینەوە و لە ماوەی دیاریکراودا هەموو خاڵەکان بەجێ دەگەیەنرێن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئێستا 76%ـی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ کراوە و تاوەکوو کۆتایی ئەم خولەی پەرلەمان و حکوومەت لە کارکردن بەردەوام دەبین.
هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت جەختی لەوەیش کردووەتەوە، داواکاریی سووننەکان بەپێی دەستوور و یاسا لە جێبەجێکردندان و داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمانی هاوپەیمانێتییەکەش دەکەن بەرپرسیارییەیی لایەنی یاسادانان هەڵگرن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە راگەیێندراوەکەی هاوپەیمانیی سەرکردایەتیی سوننەی یەکگرتوودا هاتووە: "نوێنەرانی پێکهاتەی سوننە لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت چەندین جار ئەوەیان باسکردووە کە زۆرێک لە بڕگەکانی رێککەوتنی سیاسی هاوپەیمانێتییەکە جێبەجێ نەکراون، کە ئەوەش کەلێنی خستووەتە بناخەی هاوبەشی و ئەو بەڵێنانەی پێش پێکهێنانی حکومەت پێمان دران."
هاوپەیمانیی سەرکردایەتیی سوننەی یەکگرتوو باسیان لە داواکارییەکانیان کردووە و دەڵێن: "ئەو داواکارییانەی ئێمە لە کاخەزی رێککەوتنی سیاسی کە لەسەر بنەمای ئەوانە بەشداریمان لە هاوپەیمانی پێکهێنانی حکومەت کرد بریتیین لە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی، گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان دوای تەواوبوونی وردبینیی ئەمنی، کۆتاییهێنان بە دۆسیەی لێپرسینەوە و دادپەروەری و گۆڕینی بۆ دۆسیەیەکی یاسایی بۆ دامەزراوە یاساییەکان، بەدیهێنانی هاوسەنگی لە دامەزراوە حکومییەکان کە تێیاندا مافی سوننە وەکو هاوبەشێکی دەوڵەت پارێزراوبێت."