دواین هەواڵ

ئابوری‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

گفتوگۆکانی تیمە هاوبەشە داراییەکەی هەرێم و بەغداد نزیکن لە کۆتایی

هەرێم نیوز

گفتوگۆکانی ئەو شاندە داراییەی لە عێراقەوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی دارایی هەرێم هاتوونەتە هەولێر بەردەوامە و بەپێی زانیارییەکان گفتوگۆکانیان گەیشتووەتە کۆتایی.

بەمەبەستی نەهێشتنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025، شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق ماوەی سێ ڕۆژە لە هەولێرە و لەگەڵ شاندێکی دارایی هەرێم لە گفتوگۆدان.

بڕیارە هەردوو شاندەکە هەموو هەوڵەکان بخەنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەم ساڵدا. هەردوو تیمەکە لە سێشەممەوە دەستبەکار بوون و ئامادەکاری دەکەن بۆ کۆبوونەوە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەرک و پابەندییەکانی هەردوولا بۆ ساڵی 2025.

ئەمڕۆ سەرچاوەیەک بە میدیاکانی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا تیمە هاوبەشەکە بەردەوامن لە کارکردن، کارەکان و رێکارەکان تەواو نەبوون، بەڵام نزیکن لە کۆتایی. ئەگەر کارەکان ئەمڕۆ تەواو نەبن، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو هەموو ئامادەکارییەکان دەکرێن و تەواو دەبن".

ئامانچی هاتنی شاندە عێراقییەکە بەوردی ئامادەکردنی راپۆرتێکە لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 و چۆنیەتیی رادەستکردنی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان، کە پێشتر وەکو گرفتی هەردوو حکومەت ببووە هۆی ئەوەی کێشە لە ناردنی بەشەپشکی بودجەی هەرێم دروست ببێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP