هەرێم نیوز
کۆشکى سەرۆکایەتیى روسیا "کرێملن" رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتین ئامادەیە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا کۆببێتەوە. هاوکات ترەمپیش ڕێگەیەکی بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا ئاشکراکرد.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وڵاتەکەى ئامادەیە بۆ دیالۆگى هاوبەش لەگەڵ ئیدارەى نوێى ئەمریکا لەسەر بنەماى رێزى هاوبەش، گوتیشى، چاوەڕێى وەڵامى ئەمریکا دەکەین.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ بەشێوەی ئۆنلاین بەشداری لە کۆبوونەوەی لوتکەی ئابووری داڤۆس کرد و ڕایگەیاند و لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا کرد.
ترەمپ داوای لە سعودیە و وڵاتانی دیکەی بەرهەمهێنەری نەوت کرد، نرخی نەوت دابەزێنن، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەمە بەدیبهێنرێت، ئەوا شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەستبەجێ کۆتایی دێت.
دۆناڵد ترەمپ پێشتر هۆشداریی دابوو، کە ئەگەر کۆتایی نەیەت بە شەڕی ئۆکرانیا، بەم نزیکانە باجی قورس و سزای زیاتر بەسەر ڕوسیادا دەسەپێنێت.
پوتین چەندین جار ڕایگەیاندووە کە ئامادەیە دانوستان بکات بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە، بەڵام ئۆکرانیا دەبێت دەستخستنی خاکی ڕووسیا کە ئێستا نزیکەی لەسەدا ٢٠ی خاکەکەی دەگرێتەوە، وەک واقیعێک قبوڵ بکات. هەروەها دەڵێت ڕێگە نادات ئۆکرانیا پەیوەندی بە ناتۆوە بکات.
کیێڤ نایەوێت دەستبەرداری خاکەکەی بێت، هەرچەندە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا دانی بەوەدا ناوە کە لەوانەیە وڵاتەکە بەشێوەیەکی کاتی بەشێک لە خاکە داگیرکراوەکەی ڕادەست بکات.
دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە "زۆر بە زوویی" لەگەڵ پوتین قسە دەکات و "پێدەچێت" سزای زیاتر بسەپێنێت ئەگەر سەرۆکی ڕووسیا نەیەتە سەر مێزی دانوستان.
بەڵام لە پۆستەکەیدا لەسەر تروز سۆشیال وتیشی: دەمەوێت خزمەتێکی زۆر گەورە بە ڕووسیا بکەم کە ئابوورییەکەی بەرەو داڕمان دەڕوات، هەروەها بۆ سەرۆک پوتینیش.