دواین هەواڵ

جیهان‌

 04/02/2025

بەرپرسێکی باڵای حکومەتی تاڵیبان هەڵات

هەرێم نیوز 

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان بەهۆی ئەوەی ڕەخنەی لە ڕێگریی لە خوێندنی کچان لە قۆناغەکانی دواناوەندیی و باڵا گرت، بەرەو وڵاتی ئیمارات هەڵات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 4ـی 2ی 2025، ڕۆژنامەی (زە گاردیان) بڵاویکردووەتەوە، جێگری وەزیری دەرەوەی حکوومەتی تاڵیبان، محەممەد عەباس ستانیکزای، پاش ئەوەی ڕەخنەی لە ڕێگریی لە خوێندنی کچان لە قۆناغەکانی دواناوەندیی و باڵا گرت، خۆی گەیاندە ئیمارات.

ڕۆژی 20ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، محەممەد عەباس ستانیکزای، لە ئاهەنگی دەرچوانی قوتابیان لە هەرێمی خوست، نزیک سنووری نێوان ئەفغانستان و پاکستان، دوای کرد حکوومەت ڕێگەی کچانی ئەفغان بدات لە قۆناغەکانی دواناوەندی و باڵا بخوێنن.

ئەو لە وتارەکەیدا وتبووی: ڕێگریی لە خوێندنی کچان، نە لە ئێستە و نە لە داهاتوودا هیچ مانایەکی نییە. ئێمە بەو ڕێگرتنە، مافی 20 ملیۆن کەس پێشل دەکەین. لە سەردەمی پێغەمبەریشدا ئەم ڕێگرییە نەبووە. 

پاش ئەم وتارە و بڵاوبوونەوەی چەند ڕاپۆرتێکی ڕەخنەیی سەبارەت بە قسەکانی ستانیکزای، ڕێبەری باڵای ئەفغان، هەیبەتوڵلا ئاخوندزادە، فەرمانی دەستگیرکردنی دا و ئەویش ناچار بوو ئەفغانستان بەجێ بهێڵێت.

ستانیکزای، بە میدیا خۆجییەکانی ئیماراتی وتووە کە ئەو بە مەبەستی چارەکردنی پزیشکی هاتووەتە ئەمارات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP