دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

ئەحمەد شەرع سەردانی تورکیا دەکات

هەرێم نیوز

دوای سەردانەکەی دوێنێی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر  بۆ سعودیە وەک یەکەم سەردانی دەرەوەی دوای دەستبەکاربوونی، سبەیش سەردانی تورکیا دەکات.

فەخرەدین ئاڵتوون، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، سبەینێ سەرۆکی نوێی سووریا دەگاتە ئەنقەرە.

هەروەها ئاماژەی داوە، سەردانەکەی شەرع لەسەر بانگهێشتنامەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیایە و دوا پێشهاتەکانی سووریا لە هەموو ڕەهەندێکەوە تاوتوێ دەکرێن، بە تایبەت بوژاندنەوەی کەرتی ئابووری و سەقامگیریی و ئاسایشی سووریا.

ئەحمەد شەرع لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبێتەوە و پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکان، پاراستنی سنوورەکانی هەردوو وڵاتە، هاوکات میدیا تورکییەکان ڕایانگەیاند تورکیا و سووریا ڕێککەوتنێکی ستراتیژیان واژوو کردووە، بۆ دانانی دوو بنکەی سەربازی تورکیا لە سووریا و جێگیر کردنی 50 فڕۆکەی ئێف 16 بۆ دوورخستنەوەی هەرڕەشەکانی ناوچەکە.

ئەمە دەبێتە یەکەم سەردانی ئەحمەد شەرع بۆ تورکیا و دووەمین سەردان بۆ دەرەوەی وڵات لەوەتەی بە سەرۆکی نوێی سووریا دانراوە.

یەکەم سەردانی دوێنێ یەکشەممە بوو بۆ سعوودیە کە بە یاوەریی ئەحمەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە چوونە ڕیاز و لەگەڵ محەممەد بن سەلمان دیداری تایبەتیان هەبوو لەسەر قۆناغی داهاتووی سووریا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە سەرەتایی کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، هاکان فیدان یەکەم وەزیری دەرەوە بوو سەردانی فەرمی بۆ سووریا بکات و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP