دواین هەواڵ

ئابوری‌

 پێش 2 هەفتە

عێراق گەورەترین یەدەگی نەوتی لە رۆژهەڵاتی بەغداد ئاشكرادەكات

هەرێم نیوز

وەزارەتی نەوتی عێراق گەورەترین یەدەگی نەوتی لە رۆژهەڵاتی بەغداد ئاشكرادەكات و رایدەگەیەنێت، بڕكەی بە دوو ملیار بەرمیل مەزەندە دەكرێت"، دەشڵێت، هاوكاری پلانەكانی عێراق دەبێت بۆ گەیاندنی بەرهەمی رۆژانە بە (6) ملیۆن بەرمیل لە (2027)دا.

وەزارەتی نەوتی عێراق، دۆزینەوەی یەدەگێكی نەوتیی زەبەلاح لە ناوەڕاستی وڵات ئاشكرادەكات، كە بڕەكەی بە دوو ملیار بەرمیل نەوت مەزەندە دەكرێت، ئەوەش بە گەورەترین پرۆسەی دۆزینەوەی دادەنرێت لەم دە ساڵەی دوایدا

كۆمپانیای نەوتی ناوەڕاست، كە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە خاوەنداری دەكرێت، لەبەیەننامەیەكدا رایگەیاندووە: بەهاوكاری لەگەڵ كۆمپانیای (EBS)ی چینی، توانیویانە دۆزینەوەیەكی نەوتیی گەورە بەدیبهێنن لە كێڵگەیەك لە رۆژهەڵاتی بەغداد، كە بایەخێكی ستراتیجی هەیە بەوپێیەی دەچێتە سەر باڵانسی یەدەگی نەوتی عێراق.

عێراق بە خاوەنی پێنجەم گەورەترین یەدەگی نەوتی سەلمێنراو دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان، كە بڕكەی دەگاتە (140) ملیار بەرمیل، تێكڕای مامناوەندی هەناردەكردنی رۆژانەشی (3) ملیۆن و (640) هەزار بەرمیلە.

پسپۆڕانی بواری وزە دەڵێن، ئەو دۆزینەوەیە بەشدار دەبێت لە پشتیوانیكردنی پلانەكانی عێراق بۆ زایدكردنی بەرهەمی نەوتی بۆ (6) ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە لە ساڵی (2027)، كە ئەوەش رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر داهاتی نیشتمانی و هاوكاری دابینكردنی دارایی دەكات بۆ پرۆژەكانی گەشەپێدان كە وڵاتەكە پێویستی پێیەتی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP