هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێم رایگەیاند ، دوای ئەوەی خەڵکێکی زۆری ھەژار و کەمدەرامەت ناویان بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون تۆمارکردبوو، ئێستا بڕیار وایە لە ناوەڕاستی مانگی ئادار دەست بەدابەشکردنی ٩ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر ئەو خەڵکە دەکرێت.
توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە، "دوای ئەوەی خەڵکی ھەژار و کەمدرامەت ناویان بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون لای ئێمە تۆمارکرد ئێمە سەرجەم ناوەکانمان بۆ ھەر چوار پارێزگا و چوار ئیدارەی سەربەخۆکان ئەوانەی شایستەن ناردووە بۆ ئەوەی وردبینی تێدا بکەن و ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەن، هەروەها پێش دوو ڕۆژ جارێکی دیکە نوسراومان بۆیان کردووە بۆ ئەوەی بەکوێ گەیشتوون لە وردبینیکردن.
وتیشی، دەمانەوێت لە ١٧-٣-٢٠٢٥ ئەو یەکانە دابەش بکەین بەسەر ئەوانەی شایستەن کە بەشێک لە یەکەکان تەواوبوون و بەشێک ماوە تەواو بکرێت و ھەوڵدەدرێت ئەویش تەواو بکرێن.
توانا بەشیر ئاماژەی بەوەش کردووە، "خۆی ٩ ھەزار و ٤ یەکەی نیشتەجێبوونە لە ھەموو ھەرێمی کوردستانە و دەمانەوێت لە ڕێگەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بزانین کێن ئەوانەی شایستەن بۆ وەرگرتنی یەکەکان و ھەمووی دابەش دەکەن، بۆ ئەوەی خەڵکەکە ببێتە خاوەن یەکەی خۆی و ھەرکاتێک ئەوانەی ماویشن بۆیان تەواو دەکرێت و ڕادەستیان دەکرێت، بەڵام دەمانەوێت جارێ دابەشی سەر خەڵکی بکەین بۆ ئەوەی بزانین دەبنە خاوەن یەکەی نیشتەجێبوونی خۆیان و ئەوانەی تەواویش بوون ڕادەستیان دەکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستان دروست کراون و بڕیارە بە پێشەکیەکی کەم و قیستی درێژخایەن بەسەر خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت دابەش بکرێن و لەماوەی ڕابردووش داتابەیسێک دروستکرابوو خەڵکی لە ڕێگەی ئۆنلاین داواکاری پێشکەشکردبوو و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ناوەکانیشی دیاریکردووە ئەوانەی شایستەی وەرگرتنی یەکەکانن و دوای وردبینیکردن لە مانگی سێ دەست بە دابەشکردنیان دەکرێت.