دواین هەواڵ

عێراق‌

 پێش 2 هەفتە

گروپێکى به‌ره‌ى مقاوه‌مه‌ ڕەتی دەکاتەوە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە

هەرێم نیوز

دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکان پرسێکی ناوخۆییە، گەورەترین گروپی چەکدار ڕەتیکردەوە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. 

هیشام عەلەوی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەت، پرسێکی ناوخۆییە.

وتیشی: "عێراق پابەندە بە چارەکردنی کێشەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، سەقامگیری ناوچەکە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە گەورەکان گرنگە، وەک پرۆژەی گەشەپێدان."

سەبارەت بە پرسی گرووپە چەکدارەکان ئاماژەی بەوەدا، "دەبێت جیاوازی لە نێوان هێزەکانی حەشدی شەعبی و هەندێک گرووپی چەکداری دیکەدا بکرێت کە سەر بەو هێزانە نین، چونکە حەشدی شەعبی پەیوەستە بە سیستەمی ئەمنی و سەربازی و ملکەچی فەرماندەی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانە."

لاى خۆیه‌وه‌ عه‌لی ئه‌سه‌دی به‌رپرسی مه‌كته‌بی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی نوجه‌با لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی:"بەرەی مقاوەمەی عێراق، ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لەئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە".

په‌یامه‌كه‌ى ئه‌سه‌دیش بەو واتایه‌ دێت کە هەموو ئەو گفتوگۆو لێدوانانەی سەبارەت بەگروپە چەکدارەکان دەکرێن بەجددی وەرنەگیراون.

ده‌شڵێت:"بزوتنەوەکەمان هیچ بانگەوازێکی لەحکومەتەوە پێنەگەیشتوە بۆ چەکدانان، یەکخستنی، یان هەڵوەشاندنەوەی گروپەکەش، ئەو دەنگۆیانەی لەسەر ئەم پرسە هەیە ڕاست نییە".

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئێرانی ئاگادارکردوه‌تەوە، چارەسه‌رکردنی کێشەی گروپە چەکدارەکان، بابەتێکی ناوخۆییە کە عێراقییەکان بڕیاری لەسەر دەدەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP