هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگهیاند، ئهمڕۆ یهكشهممه دهستیكردوه به دابینکردنی دارایی بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی یەكی 2025ی موچەخۆرانی سەر بە حكومەتی فیدڕاڵی و هێزە ئەمنییەكان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی 1ی 2025، وەزارەتی دارایی عێراق له ڕاگهیهندراوێكدا بڵاویکردەوە، تێیدا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری وەزارەتی دارایی دەستیکردوە بە ڕێکارەکانی دابینکردنی پارهی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان بۆ مانگی یەکی 2025.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بەڕێوەبەرایەتییەکە لە وەزارەتەکە داوای لە یەکەکانی سهر به وەزارەتەکان و قەوارەکانی سەر بە وەزارەتێک کردوە، نوێنەرە ڕێگەپێدراوەکانیان بنێرن بۆ تەواوکردنی مەرجەکانی دابینکردنی دارایی موچەی فەرمانبەران و لقەکانیان، بە ڕەچاوکردنی پابەندبون بە خشتەی دارایی مانگانەی کە لەلایەن ئەوانەوە پەسەندکراوە.
ئەمەش لهكاتێكدایە، تاوەکو ئێستا فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان موچهی مانگی 12ی 2024یان وهرنهگرتوه و بەغدا ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەک بۆ ئەو مەبەستە خەرج بکات .
هەروەها لە رۆژی 15ی ئەم مانگەش وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەپێی کشف حسابی بانکیمان لە بانکی ناوەندی عێراق لقی هەرێم / هەولێر، لە( ٢٠٢٤/١/١ تا ٢٠٢٤/١٢/٣١ ) وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە کۆی ( ٢٠،٩١٠،٤٦٣،٩٥٠،٠٠٠ ) تەنها ( ١٠،٠٢٦،٨٨٣،٥٤٤،٥٨٩ )دیناری ناردووە کە دەکاتە تەنها ( ٤٨ ٪ ) ی کۆی شایستەکانی هەرێم بە پێی یاسای بوودجەی گشتی عێراق.
راشیگەیاند، لەساڵی ( ٢٠٢٤ ) وەزارەتی دارایی فیدراڵ یەک دیناری بۆ خەرجی بەکارخستن و وەبەرهێنان بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە
وەزارەتی دارایی هەرێم باسی لەوەش کرد ، ئەو تەمویلەشی بۆ مووچە ناردویەتی بەنزیکەیی دەکاتە مووچەی ( ١٠ ) مانگی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە تێکڕای ساڵەکە، وە ئەو پارەیەشی ناردویەتی بەپچڕ پچڕ و بە ( ٥٢ ) گوژمە گەیشتۆتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان.