هەرێم نیوز
وەزیرى دەرەوەى عێراق ڕایگەیاند، وەفدی باڵای عێراق لە دوایین سەردانیدا بە ئێرانییەکانیان وتووە "پرسەکانمان بە تەنیا خەمی عێراقییەکانە و دۆسیەی گروپە چەکدارەکان پرسێکى ناوخۆییە" دەشڵێت، "کورد لە هەردو دیوی عێراق و سوریا نیگەرانییەکی هاوبەشیان هەیە، هەولێر بە تامەزرۆییەوە ئامادەییە بۆ ئەوەی ڕۆڵیكی کارا ببنێت و نێوەندگیری بکات".
فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق ڕایگەیاند، لە میانی چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەت ڕایگەیاند، عێراق لە مەترسیەكان جەنگ ڕزگاری بوە، ئێستا جیهان بەشێوەیەکی دیكە دەڕوانێتە بەغدا، عێراق کێشی ناوخۆییان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان هەیە و هیچ کەسێک چارەسەری ناکات جگە خۆیان.
ئاماژەی بەوەشكرد، ڕێككەوتنەكان لەگەڵ بریتانیا كە بە بەهای 12 ملیار و 30 ملیۆن پاوەند ئەنجامدرا، بێ وێنەیە و ڕەنگدانەوەی مێژویەكی دورودرێژی پەیوەندی نێوان هەردو وڵاتە، هەروەها لەبری ڕێککەوتنی بەکۆمەڵ لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش، لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتان لێکتێگەیشتنی ئەمنی جیاواز ئەنجام دەدەن، گفتوگۆیان لەگەڵ فرەنسا و ئەڵمانیا دەستپێکرد، ئێستاش لەگەڵ بریتانیا، بۆ ئەوەی بگەینە لێکتێگەیشتن لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لە بواری ئەمنی.
دەشڵێت، دو جۆر هێزی بەریتانیا لە عێراقدا هەیە، یەکەمیان بەشێکە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئەوی دیکەشیان بەشێکە لە ناتۆ. هەر بۆیە پێویستیان بە گفتوگۆیە سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە لە هەردو ڕوانگەی ئەمنی و سەربازییەوە.
لەبارەی لێدوانەكەی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران كە وتوبوی، "هێزەكانی ئەمریکا لە عێراقدا داگیرکەرن و دەبێ گروپەكان ڕوبەڕویان ببنەوە"، فوئاد حسێن دەڵێت، "لەگەڵ سەرۆک وەزیران بوم لە تاران، وتمان زۆرێک لە وڵاتان بۆچونی خۆیان دەخەنە بەردەم عێراق سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆی، بەڵام پرسەکانمان خەمی عێراقییەکانە و ئەوەش هەموان دەگرێتەوە، ئاشکرایە کە هەڵوێستی ئێران لەسەر هەندێک بابەت لەگەڵ دیدگای ئێمە دژ بەیەکە، بەڵام بڕیاری کۆتایی دەبێت بۆ عێراقیەكان بێت".
باسی لەوەشكرد، "حکومەتی عێراق ڕۆژانی زۆر سەختی تێپەڕاند، بەڵام سەرکەوتو بو، 2024 بۆ ئێمە زۆر قورس بو، چونکە ئێمە مامەڵەمان لەگەڵ ناوەندەکانی دەسەڵات و ئەو وڵاتانەدا دەکرد کە پەیوەندییەکی پتەومان لەگەڵیاندا نەبو. بۆ خۆپاراستن لەو ئاگرەی لە ناوچەكە هەیە، ئەو هەوڵانەی ساڵی ڕابردو دامان، لە داهاتودا دو هێندەی دەكەین، لە پێناو پاراستنی عێراق، دوركەوتنەوە لە شەڕ و ململانێکان".
فوئاد حسێن باسی لەوەشكرد، "هیچ کەسێک وەكو عێراقییەکان ناتوانێت لە ئیرادەی گەلی سوریا تێبگات. ئێمە بە تەواوی لە مانای دیکتاتۆریەت و پارتی بەعس تێدەگەین، دەیان ساڵ لە دژی خەباتمان کردوە. تاڵیی ستەمکاری و نادادپەروەری و دابڕانیان لە جیهان، هۆكارەكانی ڕوخانی بەشار ئەسەدە".
دەشڵێت، "عێراق لە خەمی سوریادایە، چونکە عێراق لە حزبی بەعس تێدەگات و ئەو گۆڕانکاریانە دەزانێت كە ڕویداوە، لە دۆخی سوریا تێدەگەین و ئەزمونمان هەیە لەگەڵ گۆڕانکاری. ئەگەر گفتوگۆیەک لەگەڵ لایەنی سوریا هەبێت، لە بناغەکانەوە دەست پێدەکەین کە جیاوازن لە گفتوگۆی وڵاتانی دیکە لەگەڵ سوریا. تەنها شتێک کە ئێمە دەمانەوێت بۆ گەلی سوریا سەقامگیریە، سەقامگیری سوریا بە مانای سەقامگیری عێراقیش دێت".
ئەوەشی خستەڕو، کورد لە هەردو دیوی عێراق و سوریا نیگەرانییەکی هاوبەشیان هەیە، هەولێر بە تامەزرۆییەوە ئامادەییە بۆ ئەوەی ڕۆڵیكی کارا ببنێت و نێوەندگیری بکات بو نزیکبونەوە، ئەوەش دوای کۆبونەوەکە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە).
دەشڵێت، "حکومەت لە بەغدا نابینێت سەقامگیری سوریا تەنها لە دیمەشقدا ببینێت، بەڵکو سەقامگیری دەبێت هەمو پێکهاتەکانی سوریا لەخۆبگرێت، ناکرێت سەقامگیری لە دیمەشق هەبێت لەکاتێکدا سەقامگیری لە حەلەب، کەناراوەکان، یان باقی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست یان باووری سوریادا نەبێت. ئێستا دەبێت دۆخێکی کارلێککارانە لە نێوان ناوخۆی عێراق و ناوخۆی سوریادا دروست بکرێت".