هەرێم نیوز
عومەر ئیلیری، ئەمینداری نوێی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا (ئاك پارتی) لە شاری ئامەدی باكوری كوردستان، رەجەب تەیب ئەردۆگان بە پێغەمبەر "نوح" دەچوێنێت و دەڵێت، "ئەگەر كەشتیوانەكەیان نوح (ئەردۆگان) بێت، ئەوا هیچ نیگەرانییەكمان نابێت و پێكەوە لەسەر رێگای دروستین".
رۆژنامەی "زەمان"ی توركی بڵاویكردووەتەوە: ئیلیری كە ئیمانی مزگەوتێكە لەناوچە سور، لە هەشتەمین كۆنگرەی ئاسایی پارتەكەیدا بە ئامادەبونی رەجەب تەیب ئەردۆغان، بە ئەمینداری پارتی دادو گەشەپێدان لە شاری ئامەد هەڵبژێردراوە.
ئیلیری لە وتەیەكدا دوای پێشوازیكردنی لە ئەردۆغان، ناوبرای بە ئومێدی نەتەوەو پارێزەری زوڵملێكراوان و دەنگی بەهێزی دونیای ئازاد وەسفكردووە، راشیگەیاندووە، ئەوان گەشبینین و هیچ گومانێكیان نیە لە سەركەوتن بەتایبەت ئەگەر كەشتیوانەكەیان نوح بێت (مەبەستی ئەردۆغانە)، ئەوا هیچ نیگەرانییەكانیان نابێت و پێكەوە لەسەر رێگای دروستن، كە هەموومان دەیناسین بە هەنگاوە چەسپاوەكانی.