هەرێم نیوز
هاوپەیمانی دەوڵەت ڕایگەیاند، هیچ هەڵوێستێكی سیاسی لە دۆسیەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی عێراقدا نییە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران، لەڕاگەیەندراوێکدا، ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمرۆ یەک شەممە، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران و مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەبەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسە سەرەكییەكانی پەیوەست بە ژیانی هاوڵاتیان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمساڵ دوا ساڵی خولی پەرلەمانی و حكومییە، ئەمەش وا پێویست دەكات كە هەموو لایەن و هێزە نیشتمانییەكان بە پلەیەك پابەندبن بەڵێنەکان و جێبەجێ بكەن.
جەختی لەوەشکردەوە، هاوپەیمانییەكە پشتگیری خۆی بۆ پاكێجی چاكسازییە دارایی و ئابوورییەكان دووپاتکردەوە كە حكومەت پەیڕەوی دەكات و دەبێتە فاکتەری پاراستنی سەقامگیری دارایی و ئابووری لە وڵات.
ئاشکراشیکرد، هیچ هەڵوێستێكی سیاسی لە دۆسیەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی عێراقدا نییە، تەنها پرسە تەكنیكییەكان نەبێت كە دەكرێت لە ڕێگەی دیالۆگ و لێكتێگەیشتنەوە، دوور لە گەنگەشە و هەڵكشانی میدیایی چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.
ڕوونیشیکردەوە، كۆبوونەوەكە باسی دۆخی سوریا کراوە، ئامادەیی عێراق بۆ پشتگیریكردنی گەلی سوریا دووپاتکراوەتەوە، هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت سەركۆنەی پەلامارە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و هەر پەلامارێكی دیكەی سەر وڵاتانی ناوچەكەی دەکات.