هەرێم نیوز
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی دوایین ئەنجامەكانی كاركردن لە هەردوو پرۆژەی شوێنەواری لە (گرێ ئاسنگەران و كانی ئەسپەهان) لە سنووری ناحیەی ڕۆڤیا لە پارێزگەی دهۆك، دوو شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ و هەروەها جۆرە گۆزەیەك دۆزرایەوە كە تەمەنی ئەو بۆ حەوت تا هەشت هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەش کردووە، پرۆژەی هەڵكۆڵین لە شوێنەواری گرێ ئاسنگەران بە هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپووری سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لەگەڵ زانكۆی ئۆدینەی ئیتاڵی جێبەجێ دەكرێت و بەپێی گرێبەستێك كار لە هەردوو شوێنەواری گرێ ئاسنگەران و كانی ئەسپەهان لە پارێزگەی دهۆكدا دەكەن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، شوێنەوارناسانی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك و زانكۆی ئۆدینەی ئیتاڵی، دوای كاركردنیان لە پرۆژەی "كانی ئەسپەهان" جۆرە گۆزەیەك بۆ بەکارهێنان و خاوێنكردنەوەی "گەنم"یان دۆزییەوە كە تەمەنی ئەو گۆزەیە بۆ هەشت هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. هەروەها لە پرۆژەی شوێنەواری "گرێ ئاسنگەران" دوو ژووری نیشتەجێبوونی مرۆڤ دۆزرانەوە كە شێوەیان لاكێشەیین و لە كەرپووچ و لەسەر بەرزایی گردەكە دروستكراون و بەپێی توێژینەوەكان ئەو ژوورانە هی كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگەكە بوونە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت، بەپێی ئەو توێژینەوە شوێنەوارییانەی بۆ هەردوو پرۆژەكە كراون، ئەو دۆزینەوانە ئەوە دەسەلمێنن كە هەزاران ساڵ پێش ئێستا، ژیانی مرۆڤ لەو سنوورەدا هەبووە و بەردەوام گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەتایبەتی لە كۆمەڵگەی كشتوكاڵییەوە بۆ كۆمەڵگەی كۆمەڵایەتی و دواتر بەرەو پەرەسەندنی زیاتر و مۆدێرن و بەردەوامبوونی ژیان لە سنوورەكەدا.
Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP