هەرێم نیوز
ئەنجومەنی دادوەریی باڵای عێراق، بە نوسراوێك تەمەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقی بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژكردەوە.
بەپێی نوسراوێكی ئەنجومەنی دادوەریی باڵای عێراق كە وێنەیەكی دەست ماڵپەڕی سپی كەوتووە ئەمرۆ ٨/١/٢٠٢٥ ، تەمەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق تا ٦/١/٢٠٢٧ درێژ كرایەوە.
بەم پێیە كۆمسیۆن دەتوانێت هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەببات كە بڕیارە مانگی ٦ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.
لە نوسراوەکەدا هاتووە" ئەگەر ڕایەکی سیاسی تر هەبوو کە گۆڕانکاری لە ئەنجومەنی کۆمسیاراندا بکات ئەوە لە سنوری دەسەلاتی پەرلەماندایە کە هەمواری بکات".
ئەمەش لەكاتێكدایە، كە ژمارەیەك فراكسیۆنی پەرلەمانی عێراق جەختیان لەسەر گۆڕینی یاساكانی هەڵبژاردن پەرلەمانی عێراقو گۆڕانكاریی لە كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقدا دەكردەوە، بەڵام ئەمڕۆ ئەنجومەنی دادوەریی باڵای عێراق ئەم كێشەیە یەكلایی كردەوەو كۆمسیۆن هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا ناكرێتو تەمەنی بۆ دوو ساڵی تر درێژ كرایەوە.