دواى زیاتر لە نیوسەدە لە فەرمانڕەوایی بنەماڵەى ئەسەد لە سوریا، سەرەڕای چەوساندنەوە، ستەم، جیاکاریی، سەپاندنى دۆخی ئەمنى بەسەر هاووڵاتیانى وڵاتەکەیدا، دواجار کۆتا پەیکەری حافز ئەسەد لە قەرداحەى زێدى خۆی شکێنراو کۆتایی بە دەسەڵاتى تاکڕەوانەى ئەو بنەماڵەیە هات، ئێستا دەستەبژێرانى سیاسی سەرقاڵی بونیاد نانەوەى پەیکەرى سیاسی و کارگێڕیی وڵاتەکەیانن، چاودێرانى سیاسیش جەخت لەوە دەکەنەوە هەمووان لە چاوەڕوانى بەڵێی ئۆپۆزسیۆنى ئەو وڵاتەدان کە بوونەتە هۆی روخاندنى ئەو رژێمە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو چاوەکان لەسەر ئەبو محەمەد جۆلانى پێشوو ئەحمەد شەرعى ئێستایە، بەڵام ئەوەى کە جێگەى تێڕامانە سەرەڕاى گۆڕینى ناوەکەى لە ئەبومحەمەدى جۆلانییەوە بۆ ئەحمەد شەرع، وا دەنگۆی ئەوەش هاتووەتە ئاراوە کە ناوەکەى لە لیستى تیرۆر بهێنرێتە دەرەوە و ببێتە یەکێک لە دۆستەکانى ئەمریکا و جێبەجێکاری پلانەکانى ئەوان، کە ئەمەیان لە داهاتوودا دەردەکەوێت.
لەبارەى ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانى دواى کۆتایی هاتنى دەسەڵاتى بەعس و ئەسەدییەکان، شرۆڤەکاران راو سەرنجی جۆراوجۆریان لەو بارەیەوە هەیە، بەڵام بۆچوونەکانى محەمەد ئوزالب، مامۆستاى زانکۆ و توێژەری ئیسلامی لە هەمووان وردتر و سەرنجڕاکێشترن، بەگوێرەى راپۆرتێکى رۆژنامەى (العرب) کە لە لەندەنى پایتەختى بەریتانیا و بەزمانى عەرەبی دەردەچێت، ئەو پسپۆڕە لە راپۆرتێکدا ئاماژەى بەوەکردووە دەسەڵاتى نوێ لەبەردەم چوار ئاستەنگی گەورەدایە و هەر یەکێکیان دەتوانێت ببێتە بەربەست، بەڵام ئەگەر ژیرانە و سیاسییانە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت دەتوانرێت تێبەڕێنرێت.
یەکەمیان چەسپاندنى دەسەڵاتى ئیداریی و سیاسییە کە بتوانێت لە رێگەى دانوستان و رێککەوتنەوە بگەنە ئەنجامێکى دڵخوازی هەمووان، چونکە لەنێو سوریا چەندین حیزب و گروپ و دەستەى سەربازیی و سیاسی هەن، بەتایبەتى یەکینەکانى پاراستنى گەل و ئەو پارتە کوردییانەى تر کە ماوەیەکى زۆرە کاردەکەن، شرۆڤەکارەکە نوسیویەتى پێدەچێت ئەم قۆناغە نوێیەى سوریا لە بەرژەوەندى کوردەکان بێت، راشیگەیاندووە دوور نییە ئەمە سەرەتایەک بێت بۆ دامەزراندنى دەوڵەتێکى کوردی یان لانى کەم ئیدارەیەکى بەهێزى کوردەى لە شێوەى هەرێمى کوردستان.
دووەم: خاڵی سەرەکى لە هەموو ئیدارەیەکى نوێدا دانپێدانانى نێودەوڵەتییە، کە بە بێ ئەم کارە حکومەتەکە ناتوانێت ئارامی بەخۆیەوە ببینێت،وەک باسدەکرێت لە سوریادا یاریکەرەکان زۆرن، لەوانەش تورکیا، ئێران، روسیا، هەرچەندە لە دواى نەمانى ئەسەد و دەسەڵاتەکەى رۆڵی ئێران و روسیا کەمبووەتەوە، بەتایبەتى وڵاتانى رۆژئاوایی و یەکێتى ئەوروپا، لەبەر ئەوەى ئەگەر ئەوان رەزامەندى نەنوێنن لەسەر هەر دەسەڵاتێکى نوێ ئەوا دوور نییە هەر لەسەرەتاوە روناکى نەبینێت، یەکێکیش لە مەرجە سەرەکییەکانى ئەو وڵاتانەش تا ئێستا ئیدارەدانێکی ناوەندگەراى مام ناوەندە بەمەرجێک دژایەتى یەکینەکانى پاراستنى گەل نەکرێت و پشتیوانى لە حیزبوڵاى لوبنان و حەماس نەکات..
سێیەم: پێکهێنانى حکومەتى نوێیە کە دونیابینى و پلانەکانى داهاتووى بە ئاشکرا بخاتە ڕوو بۆ ئەوەى نەبێتە هۆی سەرهەڵدانى توندڕەویی لەناوچەکەدا، دەبێت هەڵوێستە فیکری و سیاسی و دبلۆماسییەکانى ئەو حکومەتە نوێیە روون بێت، خۆیان بێبەرى بکەن لە رێکخراوە تیرۆریستیەکانى وەک قاعیدە و داعش و هاوشێوەکانیان، هەرچەندە دەستەى تەحریری شام لە ساڵی 2016 ەوە بێبەرى بوونى خۆیان لە هەموو گروپێک دەربریوەو خۆیان وەک حیزبێکى سەربەخۆ خۆیان ناساندووە، بەڵام ئاخۆ چەندە لەگەڵ فەرمانڕەوایی عەلمانیەتدا دەیانکرێت و دان بە فرەیی بۆچوون وئایین و مەزهەبەکاندا دەنێن، لەبوارەشدا جۆلانی نەیشاردوەتەوە گۆڕانکاریی بەسەر بۆچونی پێشوویدا هاتووە بە بێ ئەوەى ئاماژە بە وردەکارییەکانى بکات.
هەرچى ئاستەنگی چوارەمیشە بونیادنانەوە و خزمەتگوزارییەکانى وڵاتەکەیە کە ماوەیەکى زۆرە بەهۆی جەنگەوە زیانى گەورەى بەرکەوتووە، حکومەتى داهاتوو لەبەردەم ئەو هەموو کاولکارییەى جەنگدایە کە لە 2011 ەوە لەو وڵاتەدا دەکرێت، ئاوارەیەکی زۆر، ئابوورییەکى داتەپیوو، سەربەخۆیی و پاراستنى سیادەى وڵاتەکەى چەندە هاوکاردەبێت بۆ سەقامگیریی و هێنانى کۆمپانیا بیانییەکان و ئاوەدانکردنەوەى وڵاتەکە .
ئەمانەى کە باسکران ئاستەنگە سەرەکییەکان بوون، ئەگینا ئۆپۆزسیۆن هاتوونەتە سەر وێرانەیەکى پەنجا ساڵەى بنەماڵەى ئەسەد و چارەسەرکردنى کێشەکان ماوەیەکى باش و خەڵکى ژیرو سیاسەتمەدرای سەرکەوتووى دەوێت.