هەرێم نیوز
گەورە بەرپرسێکی سوپاى روسیا وەڵام دەداتەوە
هەشتى مانگی کانوونى یەکەمى ئەمساڵ کۆتایی بە دەسەڵاتى بەشار ئەسەد هات و سەرچاوەکانیش باس لەوە دەکەن ئەم گۆڕانکارییە خێرایە بێ بەرنامە نەبووە و لەخۆیەوە رویان نەداوە، بەڵکوو هۆکاری تایبەت بەخۆی هەبووە، هۆکارە نێو دەوڵەتى و هەرێمییەکان زۆربوون، بەڵام هیچیان بە ئەندازەى کلۆربوون و بڵاوبوونەوەى گەندەڵی لەنێو سوپاکەى سوریادا کاریگەرییان نەبووە، بەرپرسێکى باڵاى دۆما و سەرۆکی فیرقەى چوارى روسیا لە بەرنامەیەکى تەلەفزیۆنى وڵاتەکەیدا باس لە گەندەڵییەکانى نێو سوپاکەى ئەسەد دەکات.
ئەوکاتەى کە لە ساڵی 2015 سوپاى روسیا بەمەبەستى هاوکاریکردنی سوریا و هێشتنەوەى دەسەڵاتى ئەسەد چووە ئەو وڵاتە، ئەسەد بەشێکى زۆر لە خاکەکەى لەدەستدابوو، ئەو جگە لە دیمەشقى پایتەخت و چەند پارێزگایەک شتێکی ئەوتۆی بەدەستەوە نەمابوو، کوردەکان باکوری رۆژهەڵاتى وڵاتەکە و ئەوانى تریش بەشێکى زۆری باکوری رۆژئاوایان بەدەستەوەبوو، ئەوە جگە لە هێزە بێبەزەیی و توندڕەوەکەى داعش، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى پشتیوانییان لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکرد و روسیا و ئێران و هاوپەیمانەکانى پشتیوانییان لە رژێمەکەى ئەسەد دەکرد، بەگوێرەى گوتەکانى ئەندرییە گۆربۆلیۆف بەرپرسی فەیلەقى چوارەمی سوپاى روسیا و ئەندامی ئەنجومەنى دۆماى رووس، سوپاى سوریا برسی و چاوبرسی و کەم تفاق بوون، هەربۆیە سەرۆکایەتى سوپایان لەوە ئاگادارکردووەتەوە، تەنانەت لەوکاتەدا فرۆکەخانەى لازقیەش بەکەڵکی ئەوەش نەهاتووە بەکاربهێنرێت، ئەو بەرپرسە باڵایەى روس باس لەوەش دەکات بەرپرسە سەربازییەکانى سوریا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان درۆیان لەگەڵ دەکردین.
گۆربۆلیۆف، باس لەوەشدەکات لەڕێگەى فیرقەى چوارەوە توانیمان تا ڕادەیەکی باش سوپا ببوژێنینەوە، کاریگەریی لەسەر شەڕی تیرۆر دروستبکەین، تەنانەت ئەو سوپایە بەلایەوە ئاسایی بووە کە پەیوەندیی ئابورییان لەگەڵ داعشیشدا بکەن و لە بازگەکانیانەوە بەرامبەر بە پارەیەکى کەم هەموو شتێکى قاچاخ بپەڕێتەوە، ئەوە جگە لەوەى بەرپرسە باڵاکانیش لە چاندن و بازرگانى مادەى هۆشبەریشەوە تێوەگلابوون.
ئەو بەرپرسە باڵایە باس لەوەشدەکات سوپاى سوریا ئەوەندە لەبەر یەک هەڵوەشابوو کە تواناى ئەوەى نەبوو هێرشبکاتە سەر داعش، یان بەرگەى هێرشی ئەوان بگرێت، دەشڵێت، لەڕێگەى سوپاسالاری وڵاتەکەوە بەشار ئەسەدمان لەوە ئاگادارکردەوە، سەرۆکایەتى وڵاتى خۆشمان لەو راستییە ئاگادارکردەوە و پێیان گوتیین هەرچیمانکردووە هەیکەلى سوپا دابڕێژینەوە و هاوکاریی تەواوى سوپاکەى ئەسەد بکەین، سوپا تەنها لە توانایدا هەبوو خاڵی پشکینین دابنێت و بەشێکە لە دامەزراوەکانى بپارێزێت.
ئەو بەرپرسە باڵایەى سوپاى سوریا باس لەوەش دەکات لەنێو سوپاى سوریادا پەیوەندی ژێربەژێریی زۆر هەبووە بە ئۆپۆزسیۆنەوە، بۆ نموونە باس لەوەدەکات کە دواى نیوکاتژمێر لە کۆبوونەوەکان زانیارییەکانى نێو ئەو کۆبوونەوانە دەگەشتە ئۆپۆزسیۆن و لایەنى بەرامبەر، ئەوەش دەرخەرى ئەو راستییە بوو کە سوپاى سوریا لە لایەن سیخوڕەکانەوە تێکشکێنرابوون و بەرپرسەکان لەپێناوى پارە و بەرژەوەندیی تایبەتیدا ئەو کارانەیان دەکرد، هەرکاتێکیش بیانویستایە فەرمانێک جێبەجێ بکەن مل نەدان و هەڵگەڕانەوە رویدەدا و بەرپرسان رێگرییان دەکرد لە جێبەجێکردنى بریارەکان ئەوەش بووە هۆی لاوازیی بەشێکى زۆر لە هەیکەلى سوپاى پێشووى ئەو وڵاتە.
سەبارەت بە چەکدارکردنى سوپاى سوریاش بەسنورداریی لە لایەن روسەکانەوە ئەو بەرپرسە باسی دەکات و دەڵێت ئەوان خیانەتیان لە سەرکردەکەى خۆشیان دەکرد، بۆیە ئێمە نەماندەتوانى بەتەواوەتى متمانەیان پێبکەین، هەرەئەوەش بوو کە وایکرد لەم دواییانەدا نەتوانن بەرگەى کەمترین هێرش بگرن و سەرکردە سەربازییەکان چەکەکانیان دابنێن و پشت بکەنە نیشتمان و سەرکردە و حکومەتەکەى خۆیان.
بەشێکى دیکەى گەندەڵییەکانی نێو سوپاى سوریا ئەوە بوو کە بەرپرسە دەسەڵاتدارەکانى نێو سوپا لەوانەبوون کە لە نێو بنەماڵەى خۆیاندا بوو، هەربۆیە نیگەرانى ئەوانى تری لێکەوتبوویەوە، ئەگەر نیگەرانییەکیش هەبوایە بە توندی بەرپەرچیان دەدایەوە و بە هەڵگەڕانەوە و کودەتا لەدژى سەرۆک ئەسەد لێکیان دەدایەوە.
باس لە پەیوەندییەکانى نێوان ئێران و روسیاش دەکات لە سوریا و دەڵێت، پێش لەوەى ئێمە بگەینە سوریا ئەوان گوێیان لە راوێژکارە ئێرانییەکان دەگرت، بەڵام کاتێک ئێمە گەشتینە ئەوێ زۆرینەى پرس و راکانیان بە ئێمە دەکرا، بەڵام هەرگیز لە بەرژەوەندییەکانى خۆیان لایان نەداوە.
سەبارەت بە هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر گەنجینەى چەک و تەقەمەنى و فرۆکەخانەکان ئەوە لەکاتێکدا کە لە ئێستا بەدەست ئۆپۆزسیۆنەوەیە لە وەڵامدا دەڵێت: ئەوان هەموو یاسایەکی نێودەوڵەتیی پێشێلدەکەن، بەڵام نایانەوێت بکەوێتە دەست ئەو گروپانەى کە لەدژى ئیسرائیلن.