هەرێم نیوز
دارا عەبدوڵڵا
لە سەرەتای بەهاری عەرەبی و پاشان چڕبوونەوەی شۆڕشی سوریا، هەڵمەتێکی بەرفراوانی میدیایی هەبوو، کە هانی گەنجانی دەدا بەرەو یاخی بوون و شەڕکردن بڕۆن بەرامبەر ڕژێمەکانی رۆژهەڵاتی ناوین. بەشێکی زۆر لە گەنجانی کورد کەوتنە ئەم داوە هەواڵگرییە جیهانییە، کە ژمارەیان زیاتر بوو لە ٥٠٠ کەس و زۆربەیان تەمەنیان لە نێوان ١٣ بۆ ٢٥ ساڵ دەبوو. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژاوا بەڕەڵاکرابوون بۆ هاندانی گەنجان و بڵاوکردنەوەی بابەتی تیرۆرستی، تا ئەو کاتەی کە زیانەکەی گەشتە خۆیان، پاشان یاساکانیان توندکردەوە و سانسۆریان دانا.
ئەو گەنجە کوردانەی چوونە سووریا، زۆربەیان پەیوەندیان بە بەرەی نووسرەی سەربە ڕێکخراوی قاعیدەوە کرد، کە لە ژێر سەرکردایەتی راستەوخۆی جۆلانی دا بوو. لەو کاتەدا، ئەو گروپە توندڕەوەی لە عێراقەوە هاتبوون، بە سەرکردایەتی ئەبوبەکر بەغدادی، داعشیان دەمەزراند. بەشێکی زۆر لەو گەنجە کوردانە لە بەرەی نوسڕە دابڕان و، کەوتنە داوی دووەمی هەواڵگری جیهانییەوەو پەیوەندیان کرد بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە. زۆربەی ئەوانەی ناو داعش کوژران، پاش تەفروتوناکردنی رێکخراوەکە؛ بەشێکیشیان گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان. بەڵام، ئەوانەی لە ناو بەرەی نوسرەدا بوون، هەندێکیان تا ئێستا ماون، زۆرێکیان بە ماڵ و منداڵەوە چوون، یاخود لەوێ ژیانی هاوژینیان پێکهێناوە، ئێستا لە ئیدلیبن.
بەرەی نوسرە لە ساڵی ٢٠١٢ لە لایەن ئەبو محەمەد جۆلانییەوە دامەزراوە، وەکو رێخراوێکی ناراستەوخۆی سەر بە قاعیدە. لە ساڵی ٢٠١٣، جیهادییەکی عێراقی، بەناونیشانی ئەبوبەکری بەغدادی، هەڵدەستێ بە ڕاگەیاندنی ڕێکخراوێکی دیکە بە ناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، داعش، و نوسرەی پێوە ئەلکێنێ. ئەم کارەی بەغدادی دوور بوو لە خواستی ئەیمەن زەواهیری و سەرکردەکانی دیکەی قاعیدە، وە ئامانجی ڕێکخراوەکە تەواو جیاواز بوو لە ئامانجەکانی قاعیدە. بۆیە لە ساڵی ٢٠١٣ بە شێوەیەکی فەرمی نوسرە وەک بەشێک لە قاعیدە خۆی دەناسێنێ، پاش ئیدانەکردنی داعش و فەرمانکردنی بە هەڵوەشاندنەوەی لە لایەن ئەیمەن زەواهیریەوە. ئەم هەنگاوەی جۆلانی ڕێی لە تواندنەوەی نوسرە لە پاش داعش گرت. لە ساڵی ٢٠١٦، جۆلانی، وەک دەگوترێ لە ژێر کاریگەری قەتەر و تورکیا، خۆی لە قاعیدە بێبەری کرد. بەشێک لە سەرکردایەتی نوسرە بەمە ڕازی نەبوون؛ تەنانەت هەندێکیان، لە ڕووداوی تەمومژاویدا، پێش هەڵوەشاندنی نوسرە و دامەزراندنی جەبهەتول فەتحول شام، کوژران، کە لە نێویاندا کورد هەبوون.
نوسرە لە ژێر سەرکردایەتی جۆلانی هەمیشە بەهێزترین و بە دیسپلینترینی گروپە چەکدارییەکانی سووریا بووە. خۆنوێکردنەوەی رێکخراوەکەی جۆلانی بە بەرز و نزمی زۆردا ڕۆشتووە. خۆ تازەکردنەوەی بۆتە هۆی لێکجیابوونەوەو شەڕ لەگەڵ ئەو گروپە جیهادییانەی دیکە کە دژبەری نوێبوونەوەبوون. یەکێک لەو گروپانەش کە کێشەی زۆری دروست کردووە، ئەنسارول ئیسلام بووە.
کوردەکانی ناو گروپە جیهادییەکانی سوریا ڕێکخراوی بچووک بچووکیان پێکهێناوە. نموونەی ئەو ڕێکخراوانە بریتیین لە لیوای سەڵاحەدینی ئەیوبی سوپای ئازاد، کەتیبەکانی سەڵاحەدینی ئەیوبی، کەتیبەکانی نەوەکانی سەڵاحەدینی ئەیوبی، پێشەوەی ئیسلامی کوردی، بزووتنەوەی سەڵاحەدین کوردی، وە لە هەموویان گرنگترن لەناو ڕێکخراوە جیهادییەکان، رێکخراوی ئەنسارول ئیسلام.
ڕێکخراوی ئەنسارول ئیسلام بە گشتی ئەندامەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانن. ئەوەکانی دیکە زۆربەی ئەندامەکانیان خەڵکی بەشەکانی دیکەی کوردستانن، بەڵام تاک تاک ئەندامی هەرێمی کوردستانیان هەیە. ساڵی ٢٠١٤ زیاتر لە ٥٠ ئەندام و سەرکردەی ڕێکخراوەکە لە پاڵ گروپە جیهادییەکانی سوریا دەکشێنەوەو پەیوەندی دەکەن بە داعشەوە و، تەنانەت هەندێکیان دەبن بە ئەمیر لە ناو داعش، بۆ نموونە، ئەبو خەتاب کوردی، کە یەکێک بووە لە سەرکردەکانی شەڕی کۆبانێ. گروپەکە لە پاڵ داعش زیانی زۆر پێدەکەوێت و بەشێکی زۆریان دەکوژرێن، بەڵام تا ئێستاش ناوە ناوە چالاکیان هەیە.
لە سوریادا، ئەوانەی مانەوە بەردەوام بوون لە شەڕکردن لە پاڵ گروپەکانی دیکە، وە ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە شەڕی حەلەب لە ساڵی ٢٠١٦. تا ساڵی ٢٠١٨ش، لە شارەکانی دیکەی سووریا چالاکیان هەبوو و هێرشیان دەکردە سەر پێگەکانی حکومەت، تەنانەت لە لاتقییەش، کە گروپەکە چەندین چالاکی گەورەیان ئەنجام داوە.
ساڵی ٢٠١٨ ڕێکەوتنی سوچی لە نێوان تورکیا و ڕووسیا ئەنجامدرا، کە تیایدا بڕیاردرا زۆنێکی ئەمنی لە سوریا دروستبکرێت، وە زۆنێکی ئەمنی لە نێوان هێزەکانی تورکیا و سووریادا. ساڵی ٢٠١٩، سوپای سوریا ڕێکەوتنەکە پێشێلدەکات و هێرش دەکاتە سەر ئیدلیب. بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخەکەدا، جۆلانی و هاوپەیمانیەکانی ژورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش پێکدەهێنن و، بڕیاردەدەن، لە دەرەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ژورەکە، هیچ چالاکییەکی سەربازی ئەنجام نەدرێت، بەمەش هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی نزیک لە ڕێکخراوەکەی جۆلانی یەکدەخرێن و، وەڵامی هێرشەکانی سوپای سوریا دەدەنەوە.
ڕێکخراوی ئەنسارول ئیسلام، جیاواز لە بەرەی تەحریر ئەلشام، لە ساڵی ٢٠١٨ ژورێکی ئۆپەراسیۆنی جیاواز دەکەنەوە، لەگەڵ چەند گروپێکی دیکەی جیهادی نزیک لە قاعیدە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ڕێکەوتننامەی سوچی و، ڕێگریکردنیان لە دانانی چەک و ئەنجامنەدانی چالاکی سەربازی. ئەنسارول ئیسلام بەردەوام دەبێت لە چالاکی سەربازی و دانانی بازگەی سەربازی. ئەم یاخیبوونەی ئەنسارول ئیسلام جۆلانی زۆر نیگەران دەکات، کە سەرکردەی ڕەهایی ئیدلیبەو، زۆربەی گروپە چەکدارەکانی لە بن دەستە. جگە لەوەش، ئەنسارول ئیسلام خاوەنی توانایەکی بەهێزیی ڕێکخراوەیی بوو، کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەسەندندابوو، وە هەروەها جۆلانی حەزی بەوە دەکرد کوردەکان ڕاستەوخۆ پەیوەندی بکەن بە گروپەکەی خۆیەوە، کە ڕەنگە دواتر سوودی زۆریان هەبێت، بە تایبەت لە ئەگەری بوونی شەڕ لە ناوچە کوردیەکان. هەر بۆیە، لە ساڵی ٢٠٢١، کە دیارە ئامانجێکی گەورەی لە پێشە، دەست دەکات بە پاکتاوکردنی گروپەکە.
وەکو لەو سەردەمەدا بڵاوکرایەوە، پاکتاوکردنەکەی جۆلانی بەرامبەریان «دڕندانە» بووە. هەموو سەرکردەکانیان دەستگیردەکرێت و، هیچ سڵناکرێتەوە لە شێوازی دەستگیرکردنیشیان. نموونەی یەکێک لەوانە کە بڵاوکراوەتەوە، دەستگیرکردنی ئەبو دەردا ئەلکوردیە، کە وەک دەگوترێ دووەم بەهێزترین کەسی گروپەکە بووە. ئەبو دەردا لە شاری حارم لە رۆژئاوای ئیدلیب گیراوە، کاتێک دەزگا ئەمنییەکانی هەیئەی تەحریر ئەلشام بە سەیارە دوای دەکەون، لەسەر ماتۆرسکیلێک دەبێت لەگەڵ منداڵە تەمەن ٤ ساڵەکەی؛ داوای لێ دەکەن بوەستێ، بەڵام ناوەستێ، بۆیە بە توندی خۆیان دەکێشن بە ماتۆڕەکەیدا و خۆی و منداڵە ٤ ساڵەکەی بریندار دەکەن. چەکدارەکانی تەحریر ئەلشام راستەوخۆ منداڵەکە دەگەیننە بنکەی پۆلیس، بۆ ئەوەی ئەوان بیبەنە خەستەخانە. پاش ئەوانیش، عەبدولڕەحمان ئەلکوردی، سەرکردەی ڕێکخراوەکە دەستگیردەکرێت، لەگەڵ ئەمیرەکانی تری بە ناوەکانی: عەبدولمەتین ئەلکوردی، خەتاب ئەلتورکی، ئەبو عەمار ئەلکوردی، موغەیرە ئەلکوردی، توراب ئەلکوردی، ئەبو موسلیم ئەلکوردی...هتد، وە لەگەڵ چەندین ئەندام تاوەکو ڕێکخراوەکە بە تەواوەی لە چالاکی دەکەوێت و، لە چەک دادەماڵدرێن.
ئەم پاکتاوکردنەی ئەنسارول ئیسلام کوردەکانی ئیدلیب نیگەران دەکات. بۆیە جۆلانی پاش چەند ڕۆژێک دەست دەکات بە هەڵمەتێکی ئاشتکردنەوەیان. لە مانگی ٦ی ساڵی ٢٠٢١، لەگەڵ جیهادییە کوردەکان، لە یەکێک لە مزگەوتەکانی ئیدلیب کۆدەبێتەوە، بە ئامادەبوونی چەند سەرکردەیەکی بەهێزی دیکەی تەحریر ئەلشام، وەک سەرکردەی باڵی سەربازی، ئەبو حەسەن ئەلحەماوی. لەو کۆبوونەوەیدا، جۆلانی بیر و ئامانجی تەحریر ئەلشام بۆ کوردەکان ڕووندەکاتەوە، وە دڵنیاییان دەداتێ کە تەحریر ئەلشام هەموو بزووتنەوە ئیسلامی و نەتەوەییەکان کۆدەکاتەوە، وە داوای هاوکاری و پشتیوانیان لێدەکات.
لە ئێستادا هیچ ئامارێک نیە ژمارەی کوردەکانی ئیدلیب دیاری بکات. بەڵام ئەوەی ڕوونە، لەناو گروپە جیهادییەکاندا، کورد پلەو پۆستی باڵایان بە دەستهێناوە، وە ڕەنگە لە داهاتووی سوریاشدا، کاریگەریان هەبێ. ئەو وێنەیەی خوارەوە کە دامناوە، زۆرێک وا دەزانن ئەبو محەمەد جۆلانییە چەند ساڵێک بەر لە ئێستا، بەڵام لە ڕاستیدا، ئەمە ئەبو محەممەد ئەلکوردیە، ناسراو بە «مامۆستا مونیر»، یەکێک لە سەرکردەکانی بەرەی نووسرە (ڤیدیۆیەکی لە جەزیرە هەیە ١١ ساڵ بەر لە ئێستا، بەڵام تا ئێستا زانیاری نیە کە خۆی لە ژیاندا ماوە یان نا).