هەرێم نیوز
بەشێک لە سەرکردە سوننەکانی عێراق، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە و ڕووداوەکانی ئەمدواییەی سووریا بڵاوکردەوە.
هەر یەکە لە مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئوسامە نوجەیفی، ئەیاد سامەڕائی و سەلیم جبووری، سەرۆکانی پێشووتری پەرلەمانی عێراق، ساڵح موتلەگ، جێگری پێشووی سەرۆکی حکومەتی عێراق و حاچم حەسەنی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی پێشوو، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان لەبارەی دۆخی سووریا و ناوچەکە بڵاو کردەوە و دەڵێن: "عێراق بەشێکە لە ڕووداوەکانی ناوچەکە، ئالنگاری و فشاری زۆری لە سەرە".
ئەو سیاسەتمەدارانە، داوا لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکەن "دیالۆگێکی ڕاشکاوانە و جیددی" بکەن پێش ئەوەی هەر هەنگاوێک بەرەو گۆڕانی سیاسی لە عێراقدا بنرێت.
ئەوان پێیان وایە "شۆڕشی سووریا و ڕووخانی بەشار ئەسەد، کاریگەری گەورەی لەسەر ناوچەکە هەبوو، ئەمەش وایکرد زۆرێک لە وڵاتان، لەوانەش ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانیاندا بکەنەوە."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بەو پێیەی عێراق لەنێو جەرگەی ڕووداوەکاندایە، ڕووبەڕووی تەحەدای گەورە دەبێتەوە، چونکە هەندێک هێزی دەرەکی هەوڵی پاڵنانی دەدەن بەرەو هەندێک گۆڕان کە ڕەنگە سوودی بۆ گەلەکەی نەبێت و ببنە هۆی دووبەرەکی و لاوازی زیاتری حکوومەتی عێراق."
سەرکردە سوننەکان لە بەیاننامەکەدا هۆشدارییان لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر داوە و ئاماژەیان بەوەکرد، تیرۆر لە عێراقدا بەتەواوەتی پشتیوانیی جەماوەری لەدەست داوە، هەر هەوڵێکیش بۆ وروژاندنی لەدەورەوەی وڵاتەوە دەبێت و بۆیە پێویستە بەزوترین کات پەلە بکرێت لە پڕکردنەوەی هەر بۆشاییەک کە ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر.
راگەیاندراوەکەدا، جەخت لە گرنگیی پاراستنی سەربەخۆیی عێراق و بنیاتنانی پەیوەندییەکی بەهێز و تۆکمە لەگەڵ دراوسێکانی، دوور لە هەر کاریگەرییەکی دەرەکی، کراوەتەوە. لەو چوارچێوەیەشدا ئەو سیاستمەدارانە داوای پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی عێراق و گەلەکەی دەکەن.
گفتوگۆی نیشتمانی، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختی لێ کراوەتەوە "تاکە چارەیە بۆ چاکسازیی لە هەلومەرجی سیاسی و ئابووری عێراق."