هەرێم نیوز
ئاژانسی هەواڵی "بلۆمبێرگ"ی ئەمریكی، لەزاری بەرپرسێكی ئەمریكاوە بڵاویکردەوە، ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوای لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە ڕێگە لە ئێران بگرێت چەك رەوانەی سوریا بكات و، رێوشوێنی توندیش دژی میلیشیاكان بگرێتەبەر.
بلینكن سەردانەكەی بۆ ناوچەكە قۆستووەتەوە بۆ سەردانیكردنی سودانی كە پێشتر لەبەرنامەی كاریدا نەبووە، تا داوای لێبكات چیتر رێگە بە ئێران نەدات لەڕێی عێراقەوە چەك و كەرەستەی سەربازی رەوانەی سوریا بكات.
داواكەش زیاتر بۆ ئاگاداركردنەوەو خۆپارێزی بووە، بەوپێیەی لەئێستادا تاران چەك لەڕێی عێراقەوە رەوانە ناكات.
بلینکن پێی وابووە دۆخی سوریا هێشتا شلۆقەو واشنتۆن دەیەوێت عێراق رێگەنەدات چەك بگاتە ئەوێ، كە رەنگە گروپە هاوپەیمانەكانی بەكاریبهێنن و سەقامگیری لەوڵات تێكبدەن.
ئەمریکا بە سودانی وتووە ئێران لاواز بووە بەهۆی ململانێكانی ئەم دواییە لەگەڵ ئیسرائیل.
سودانی پێویستە رێوشوێنی توند دژی گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراق بگرێتەبەر، كە ناوبەناو هێرش دەكەنە سەر هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق.