هەرێم نیوز
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئیسرائیل زیاتر لە ٣٥٠ هێرشی ئاسمانی لە ناوچەکانی دیمەشق، حومس، تەرتوس، لازقیە و پاڵمیرە ئەنجامداوە و هەندێک بەڵگەنامەی دزەپێکراویش ئاماژەن بۆ هاوکاری نێوان ئیسرائیل و وەزیری بەرگری پێشووی سوریا لە بە ئامانجگرتنی پێگەکانی ئێران.
دوای ڕووخانی ڕژێمی سوریا و هەڵهاتنی بەشار ئەسەد بۆ مۆسکۆ، کوتلە ئۆپۆزسیۆنەکان دیمەشقیان کۆنترۆڵکرد. لە بەرامبەر ئەم پێشهاتە، ئیسرائیل دەیان هێرشی ئاسمانی چڕ بۆ سەر شوێنە سەربازییەکان لە سەرتاسەری سوریا ئەنجامداوە بە مەبەستی پاراستنی سنوورەکانی، بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتن بە چەکی هەستیار بۆ ئەو گروپانەی کە بە هەڕەشە بۆ سەر ئەم وڵاتە دادەنرێت.
لەم هێرشانەدا هێزی ئاسمانی ئیسرائیل جۆرەها چەکی کردۆتە ئامانج کە بریتین لە مووشەکی سکود و کروز، مووشەکی زەوی بۆ ئاسمان و ڕووی زەوی بۆ سەرزەوی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، فڕۆکەی جەنگی، هەلیکۆپتەری هێرشبەر، ڕادار، تانک.
بە گوتە وتەبێژی عەرەبی زمان لە سوپای ئیسرائیل، ئۆپەراسیۆنەکەیان گرنگییەکی سەربازی و سیاسی گەورەی هەیە بۆ ئیسرائیل. جەختیشی کردەوە کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا زیاتر لە 70%ی توانا سەربازییەکانی سووریا لەناوچوون.
هەروەها ئیسرائیل دوو بنکەی دەریایی سوریای لە بەندەرەکانی ئەلبەیدە و لازقییە کردە ئامانج کە ١٥ کەشتی جەنگی لەوێ جێگیر بوون.
حکومەتی کاتی و سیاسەتەکانی؛ پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و ئێران
حکومەتی کاتی بە سەرۆکایەتی محەمەد بەشیر کە بڕیارە تا مانگی ئازاری ٢٠٢٥ لە دەسەڵاتدا بێت، جەختی لەسەر پابەندبوون بە ئاشتی و بێلایەنی کردووەتەوە. ئەم حکومەتە هەوڵ دەدات پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ ئەو وڵاتانە دروست بکات کە ڕۆڵیان لە ڕشتنی خوێنی گەلی سوریادا نەبووە. بەرپرسان ڕایانگەیاندووە کە ئەم بنەمایە ڕێنمایی هەموو هەوڵە دیپلۆماسییەکانی داهاتوو دەکات.
لێکۆڵەرێکی سیاسی و ڕاوێژکاری حکومەتی کاتی ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل و حکومەتی نوێی سوریا هاندەریان هەیە بۆ خۆبواردن لە هەڕەشەکردن لە یەکتر. وتیشی: یەکێکیان حەزی لە ئیسرائیل بێت یان نا، ڕاستییەکە ئەوەیە کە هیچ لایەنێک نایەوێت مەترسی بۆ سەر ئەوی دیکە دروست بکات.
لە لایەکی دیکەوە پێناچێت حکوومەتی کاتی بە دوای پەیوەندیی نزیک لەگەڵ ئێراندا بگەڕێت. سەرچاوەیەکی نزیک لە حکومەتە کاتییەکەی سوریا ڕایگەیاندووە، گەلی سوریا ڕۆڵی ئێران لە ئازارەکانیان لەبیر ناکەن. ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئەو کاتەی حکومەتی ئێستای ئێران لە کاردایە، متمانەی ڕاستەقینە بە تاران "نزیکەی مەحاڵە".