دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

خوێندنەوەیەکی سەرەتایی بۆ کێشەکانى حەڵەب و پێگەى کورد لەو بارودۆخەدا

هەرێم نیوز

هێرش و جوڵە لەناکاوەکەی هێزەکانی بەرەی شام ـ جبهة الشام ـ بۆتە جێگای سەرنجى هەمووان و خوێندنەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە، هەندێک بەسەرنجەوە دەڵێن تەنها چەند رۆژێک لە ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵا تێپەریوە، وا جەنگێکی دیکە ناوچەکەى گرتەوەو پێدەچێت تورکیا ئەو هەلە بقۆزێتەوە، هەندێکی دیکەش باس لەوە دەکەن سیناریۆکان هەمان ئەو سیناریۆیانەن کە داعش لە بەرامبەر موسڵ و هەندێک ناوچەکەى تردا کردی و دواتر بە کارەساتى ئێزدییەکان کۆتایی هات، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ ئیدارە خۆسەرەکانى رۆژاڤا دەبنە خۆراکی ئەو جەنگەو وەک ئێزدییەکانیان لێدێت؟ یان بە پێچەوانەوە ئەوان وریایانەتر و مامەڵەدەکەن و ناهێڵن گورگانخوارد بکرێن.

هەندێک لە شرۆڤەکاران باس لەوە دەکەن ئەوەی تایبەتە بە کورد وای دەبینین پڕۆسەکە لە کۆتاییدا لە قازانجی دۆزی کوردە لە ڕۆژئاوای کوردستان تەواو دەبێت، کە لێرە دیارترین خاڵەکان دەخەینە ڕوو:

کشانەوە هێزەکانى ئەمریکا دوردەکەوێتەوە:

ئەو ئاڵۆزیانەی سوریا ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان لە ئیدارەی داهاتووی ترەمپ زۆر دوور خستەوە، واته‌ ئه‌و مه‌ترسیه‌ی له‌ سیاسه‌تی ترامپ هه‌بوو له‌و چوار ساڵه‌ی حوكمی بكشێتته‌وه‌ ئه‌وه‌ زۆر دوور كه‌وته‌وه‌، لەبەر ئەوەى پاساوە هەمیشەییەکانى مانەوەى ئەمریکا بوون و هەڕەشەکانى تیرۆر بووە لەناوچەکەدا، ئەمەش بە قازانجی کورد دەشکێتەوە.

سەرهەڵدانەوەى تیرۆر و توندوتیژیی و کارابوونەوەى بڕیارەکان: بەم هێرشە لەناکاوە بۆ سەر حەڵەب و چواردەوریی، جارێکی تر پرسی تیرۆر لە سوریا زیندوو دەبێتەوە، بەمەش بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە سوریا کارادەبێتەوە.و دیسان له‌قازانجی كورده‌.

وەڵامێک بۆ پرسیارێکى ئاسایی:

سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی ئایا ئەو هێرشەى ئێستای سوریا سەردەکێشێت بۆ کۆتایی هێنان بە ڕژێمی ئەسەد؟ بەگوێرەی خوێندنەوەی دۆخەکان و تێروانینى شرۆڤەکاران، بوونی ئێران و رووسیا لە سوریا، ئەو ئەگەرە زۆر دووردەخەنەوە، لەبەر ئەوەى هەردووکیان بە ئاشکرا و بێ دوودڵی پشتیوانى خۆیان بۆ ئەسەد دووپاتکردوەتەوە، ئێران لە سوپاى ئەلباقر 40 ئۆتۆمبێلى بارهەڵگری رەوانەى ناوچەکە کردووە و روسیاش لەو ماوەکەمەدا زیاتر لە 20 هێرشى ئاسمانى ئەنجامداوە.

ئەوەی ئێستا ڕوودەدات تا ئێستا نەگەیشتۆتە ئەو ناوچانەی هێزی ڕووسی لێیە، جگە لە هەندێ ناوچە کە هێزی ئێرانی لێیە، بەڵام هێزی ئەسەد زووتر کشاونەتەو هیزی ئیرانیان به‌ته‌نها به‌جێهیشتوه‌ .

کنترۆڵی جەبهەى شام و تورکیا:

سەبارەت بە هێزەکانی جەبهەی شام کە سەرکردایەتی ئەو هێزانە دەکەن، چاودێران پێیان وایە بە تەواوی لە ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیادا نین، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە لەو جوڵانەی ئێستا دەیکەن، تورکیا هەوڵبدات کاریگەریان لەسەر دابنێت و هێزەکانی سەر بە خۆی بخزێنێتەوە ناو ئەو شوێنانەی داگیردەکرێن. تورکیا لە دژى کورد کێشەکە دەقۆزێتەوە؟

پێدەچێت لە ئێستادا تورکیا بیەوێت ئەو گرژیە بقۆزێتەوە تا ئەسەد ڕازی بکات، بێتە ناو دانوستان و ڕێکەوتن لەسەر کۆمەڵێک خاڵ کە یەکێکیان دژایەتی ئیدارەی خۆسەرە، بەڵام لە ئەگەری شکانی ئەو هێرشە پێگەی تورکیا لە سوریا زیاتر تێکدەشکێت.

هێزەکانی سوڵتان موراد ، بەشدارن لەو شەڕە و هەسەدەش رایگەیاندووە بە نیگەرانییەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن و هەموو ئامادەکارییەکیان هەیە لە ئەگەرى هەر گۆڕانکارییەکدا ئەگەر هەست بەمەترسی بکەن.

پێگەى هەرێم لەو هاوکێشە نوێیەدا دەکەوێتە کوێ؟

پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئاخۆ ئەو گۆڕانکاریانەی ئێستا ڕوودەدات جارێکی تر پێگەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێز دەکاتەوە و دەکەوێتەوە ناو هاوکێشەکان بەتایبەت لای ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، یان بە پێچەوانەوە؟

ئەوە دەکەوێتە سەر ئەو هەنگاوانەى کە لە رووى دبلۆماسى و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانەوە دەنرێت بە تایبەتی لەگەڵ یاریکەرە سەرەکییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP