هەرێم نیوز
سەرهەڵدانى جەنگی حەڵەب و پەلاماردانى لەناکاو هاوکاتە لەگەڵ راوەستان و ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵاى لوبنانى و پێکەوە ئەو دوو دۆسیەیە پەیوەست دەکەن بەیەکەوە، بەتایبەتى ئەوە لەکاتێکدا هاتووە کە بنیامین نەتانیاهۆ گوتى بەشار ئەسەد یاری بە ئاگردەکات، چاودێری مافەکانى مرۆڤی سوریاش رایگەیاندووە حەڵەب خەریکە بە تەواوەتى دەکەوێتە ژێردەستى هێزە میلشیاکان و لەنێو شارەکەو چواردەورەکەشیدا هیچ چەکدارێکى نزیک لە ئێران و گۆێڕایەڵى ئەو وڵاتە بەدى ناکرێت، ناوشاریش جۆرێک لە کشوماتى پێوەدیارە و سوپاى سوریاش بەتەواویی پاشەکشەى کردووە.
بەشارە شەربل، توێژەری سیاسی و چاودێری دۆخی سوریاش رایگەیاندووە ئەوەى لە سوریا دەگوزەرێت مەترسیدارە، لە بوارى هاوسەنگی هێزەکاندا چەندین ساڵە گۆڕانکاریی لەو شێوەیە لەگۆڕەپانى سوریادا روینەداوە.
بەگوێرەى گوتەى ئەو شرۆڤەکارە هەڵکوتانەسەر حەڵەب بۆ کەمکردنەوەى هەژموونى ئێرانیەکانە لەو ناوچەیە بەتایبەتى لەدواى جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵاوە بەهێزبوون، رونیشیکردوەتەوە هێرشەکانى تەحریرشام بۆ لێدانە لە سوپاى سوریا و میلشیاکانى نزیک لە ئێران و هاوپەیمانەکانیانە.
باسی لەوەشکردووە کە ئەو پرۆسەسە بەشێکى کەمەو پێدەچێت تەنها لە سوریاشدا کورت نەبێتەوە و دەسەڵاتێکیش -ئەمریکا- هەیە کە دەیەوێت ناوچەکە رێکبخاتەوە بە تایبەتى لەسەردەمی هاتنەوە سەرکاری دۆناڵد ترەمپ دا.
جەختیشى کردوەتەوە کە تورکیاش رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لەو پرۆسەیەدا و ناکۆکییەکانى نێوان ئەو دوو وڵاتەش بووەتە پاساوێک لەهەمان کاتیشدا ناکۆکییەکانى نێوان روسیا و ئەمریکاش لەسوریا پاساوێکى دیکەى پەلامارە ناوەختەکەى سەر حەڵەب بوون.
بەگوێرەى گوتەى شەربل ئەم کارە بۆ دابڕانى حیزبوڵاى لوبنان لە ئێران کراوە و دەیانەوێت چیتر لەو رێگەیەوە هاوکاریی و چەکوچۆڵیان پێنەگات، ئاماژەى بەوەشکردووە چەند کاتژمێرێک دواى واژۆکردنى ئاگربەستەکە نەتانیاهۆ رایگەیاند، دەبێت سوریا و بەشار ئەسەد رێگریی بکەن بە هاتنى چەک لە ئێرانەوە بۆ حیزبوڵاو بۆ ئەو مەبەستەش چەند هێرشێکیان بۆ سەر سنوورەکان ئەنجامداوە.
هەربۆیە شرۆڤەکاران پێیان وایە راگەیاندنى ئاگربەست لە لوبنان و سەرهەڵدانى جەنگ لە حەڵەب دوو بازنەى تەواوکاری یەک زنجیرەن و ئەو روداوەش بەڕێکەوت نییە.
ئەوەى کە بە ئاشکرا هەستى پێدەکرێت لە قاڵبدانى ئێران و هێزەکانیەتى لە سوریا و روسیاش ماوەیەکى زۆرە بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە سەرقاڵبووە و وەک پێویست نەیپەرژاوەتە سەر سوریا.
لە هەمان کاتدا ئەوەى روونە ئەوەیە گروپەکانى نزیک لە تورکیا بەهیچ شێوەیەک نەچوونەتە ئەو شوێنانەى کە لەژێردەسەڵاتى روسەکاندایە و هەرجێگەیەک ئەوانى لێبێت ئەمان خۆیان لێ نزیک ناکەنەوە، چوون روسەکان خۆیان بەرگریی لە خۆیان دەکەن.
شەربل باسی لەوەشکردووە لە حاڵێکدا ئەگەر سوریاش بیەوێت جارێکى دیکە حەڵەب بگەڕێنێتەوە ژێردەسەڵاتى خۆی ئەوا جگە لە قورسی بابەتەکە تێچوویەکى زۆریشى دەبێت، ئەمریکاش بەهیچ شێوەیەک رێگەنادات ئەو میلشیایانە رووى چەکەکانیان بکەنە کوردەکان و ئامانجیان تەنها ئێران و میلشیا ئێرانیەکانەو هیچى تر.