هەرێم نیوز
دژی هێرشی دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی بۆ سەر شاری حەلەب، ئێران پشتیوانیی خۆی بۆ حکومەتی سووریا دووپات دەکاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بەسام سەباغی هاوتا سوورییەکەی کردووە و "جەختی لە پشتیوانیی بەردەوامی ئێران بۆ حکومەت، گەل و سوپای سووریا لە شەڕی دژی تیرۆردا کردووەتەوە."
وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند: ئیسرائیل و ویلایەتە یەكگرتووەكان تۆمەتباردەكات بەوەی لەپشتی هێرشی گروپە چەكدارەكانی سوریاوەن.
میدیای فەرمی ئێران بڵاویكردەوە: عراقچی سەركۆنەی هێرشی گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریای كردووەو بە پلانێكی ئەمریكی زایۆنی ناوبردووە، دوای دۆڕانی ئیسرائیل لە جەنگی لوبنان و فەلەستین.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هێرشی گرووپە چەکدارەکان رۆژی چوارشەممە لە رۆژئاوای حەلەب بۆسەر هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا دەستیپێکرد.
دوای کۆنترۆڵکردنی نزیکەی 60 گوند و شارۆچکە، ئەمڕۆ هەینی سەرچاوە خۆجێییەکان بڵاویانکردەوە، گرووپە چەکدارەکان لە نێوەندی شاری حەلەب نزیکبوونەتەوە و شەش گەڕەکی شارەکەیان کۆنترۆڵکردووە.