دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

سێنتکۆم: گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا بەردەوامە و رێڕەوی سەدان کەشتی گۆڕدراوە

هەرێم نیوز

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند بەردەوامن لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی 9ـی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، لە دوای دەستپێکردنەوەی گەمارۆکە لە 14ـی تەممووزی رابردووەوە، رێڕەوی 104 کەشتیی بازرگانی گۆڕدراوە بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونی تەواویان بە مەرجەکانی گەمارۆکەوە.

سێنتکۆم ڕوونیشی کردووەتەوە، لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی رابردوودا و لە قۆناغی یەکەمی گەمارۆکەدا، ئەمریکا رێڕەوی 194 کەشتیی گۆڕیبوو و 9 کەشتیشی لەکارخستبوو.

هاوکات،، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند،، وڵاتەکەی لە قۆناغەکانی کۆتایی جەنگدایە لەگەڵ ئێراندا کە پێی ناوەتە حەوتەمین مانگی خۆیەوە و ئاماژەی بەوەش کرد، تاران خوازیاری ڕێککەوتنە.

ئەمە لە کاتێکدایە، کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز، کە رێڕەوێکی سەرەکییە بۆ تێپەڕبوونی نزیکەی پێنجیەکی نەوتی جیهان، بووەتە خاڵی ناکۆکیی بنەڕەتی لە دانوستانەکاندا.

 لەگەڵ بنبەستبوونی گفتوگۆکانیش بۆ سەرلەنوێ کردنەوەی ئەو رێڕەوە ئاوییە، واشنتن دووبارە پەنای بۆ کارتی گوشاری ئابووری و سەپاندنی سزا و گەمارۆ دەریاییەکان بردووەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP