دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

گۆڕانکاری لە سوریا بەگڵۆپی سەوزی تورکیا؛ چی ڕوودەدات؟

هەرێم نیوز

نەیارانی حکومەتی سوریا دەستیان بەسەر "زیاتر لە نیوەی" شاری حەلەبدا گرت کە دووەم گەورەترین شاری ئەو وڵاتەیە و لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندایە. هەروەها پێشکەوتنیان لە ناوچەکانی دەوروبەری ئەم شارەدا بەدەستهێناوە. هێزەکانی بەشار ئەسەد بەبێ بەرخۆدانێکی بەرچاو پاشەکشەیان کردووە.

سەرچاوە سەربازییەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، سوپای سوریا ڕۆژی شەممە (30ی تشرینی دووەم) فڕۆکەخانەی حەلەب و سەرجەم ڕێگاکانی بەرەو شارەکەی داخستووە.

چوارشەممە 27ی تشرینی دووەم، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی بەشار ئەسەد بە سەرۆکایەتی دەستەی ئیسلامیی تەحریری شام، هێرشێکی لەناکاویان لەدژی هێزەکانی حکومەت دەستپێکرد و هەندێک ناوچەیان گرت. ڕووسیا هاوپەیمانی سەرەکی بەشار ئەسەد لە بەرامبەر ئەم پێشهاتانەدا ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یاخیبووانی بۆردومان کردووە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بڵاویکردەوە، حکومەتی تورکیا گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشی نەیارانی ئەسەد بۆ هێرشکردنە سەر حەلەب هەڵکردووە. بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەو سەرچاوانە لەگەڵ دەزگای هەواڵگری تورکیا لە پەیوەندیدان.

ئەمە یەکەمجارە لە ماوەی هەشت ساڵدا هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بگەنە شاری حەلەب، شارێک کە یەکێک لە خوێناویترین گەمارۆکانی شەڕی ناوخۆی سوریای بەخۆیەوە بینیوە.

تەحریر شام، کە لە ساڵی 2017 جەبهەت نوسرە، جەبهەت ئەنساره‌دین، جەیش سونە، لیوا حەق‌و بزوتنەوەی نوره‌دین زینکی، هەموویان بوون بەیەک هێزو ناویان له‌خۆیان نا (ده‌سته‌ى تەحریر ئەلشام)، پاشان چەندین هێزی تر به‌نمونه‌ ئەحرار دیمەشق پەیوەندییان بەتەحریر شامه‌وه‌ كرد، بەڵام ئەوەی زۆرترین کاریگەریی لەسەر تەحریر شام هەیە، جەبهەت نوسرەیه‌ کە پێشتر خۆی وەک لقێکی قا*عیدە ناساندبوو.

ئەم گروپه‌ چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌ لە ساڵی 2017دا له‌لایه‌ن ئه‌مریكاو هاوكات له‌2018شدا کەنەدا ئه‌و گروپه‌ چه‌كداره‌یان خستە لیستی تیرۆرەوە.

موجتەبا ئەمانی باڵوێزی کۆماری ئیسلامی لە لوبنان جەختی کرد کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ گرووپە بە وەکالەت و ڕووسیا پشتیوانی لە ڕژیمی ئەسەد دەکات.

ڕوسیاش، کە لایەنگری ئەسەدە دەڵێت بۆردوومانی هێزە نەیارەکانی حکومەتیان کردووە و بەهۆی بۆردوومانەکانەوە لە 24 کاتژمێری ڕابردوو 200 ئەندامی ئەو هێزانەیان کوشتووە. ڕوسیا داوای ڕاگرتنی گرژییەکان دەکات.

سەبارەت بە عێراقیش، ترس لەوە هەیە ئەم گۆڕانکارییانەی سوریا بگاتە عێراق، دوابەدوای پەرەسەندنی گرژییەکانی سوریا، هێزەکانی سوپای عێراق لە موسڵەوە بەرەو سنووری سوریا ڕوشتووە.

لەبارەی کوردانی حەلەبەوە؛ دوو گەڕەکی گەورەی کوردیش لە حەلەب هەن کە یەپەگە هێزی ڕەوانە کردووە بەمەبەستی پاراستیان لە بەرامبەر هێزی تەحریری شام.

"شێخ مەقسوود" و "ئەشرەفییە" دوو گەڕەکی باکووری حەلەبن و کوردنشینن. ئەم دوو گەڕەکە نزیکەی 400 هەزار کەس دانیشتوانیان هەیە. لەلایەن یەپەگە و یەپەژەوە دەپارێزرێت.

بەیانی ڕۆژی شەممەش، هێزەکانی حکومەتی سووریا لە ناوچەی شەهبای کوردنشین لە حەلەبی باکووری سووریا کشانەوە. شەهبا ناوچەیەکی کوردنشینی حەلەبە و سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە. تەنیا هێزەکانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە ناوچەکە ماون. 

رامی عەبدولرەحمان، سەرۆکی ڕوانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ وتی، هێزەکانی دەستەی تەحریری شام نایانەوێت پێشڕەوی بەرەو شێخ مەقسوود و گەڕەکە کوردنشینەکانی دیکەی باکووری حەلەب بکەن.

دەڵێت: ئەگەر گروپە چەكدارەكان بە سەركرادیەتی دەستەی تەحریری شام، بەردەوامین لە پێشڕەویكردن بەبێ‌ ڕووبەڕووبونەوەی سوپای سوریا، ئەوا كۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانە دەكەنەوە كە لەساڵی 2016 لە حەلەب و ئیدلیب و حەما لەژێر دەستیاندا بووە.

پێشیوایە پرۆسەكە رەنگە لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی نێودەوڵەتیدا بێت بۆ دەپەڕاندنی ئێران لە سوریا، ئەوەشی روودەدات لە حەڵەب داڕمانێكی ئاشكرای سوپای سوریا و پێشڕەویكردنی بەردەوامی دەستەی تەحریری شام و گروپەكانی هاوپەیمانێتی لەناو گەڕەكانی شاری حەڵەب.

دەشڵێت: ئەوەی روویدا لە داڕمانی سوپای سوریا گوزارشت لەوە دەكات كە حیزبو..ڵڵا هێزی كاریگەر بووە لەو بەرەیە، بەوهۆیەوە حكومەتی دیمەشق هێزی رەوانەكردووە، بەتایبەت دوای كەوتنی هەندێك بەشی حەڵەب و دوای لەدەستدانی رێگای حەڵەب دیمەشقی نێودەوڵەتی، کە ئەردۆغان پشتی پێدەبەست بۆ ئەوەی ببێتە رێگای بازرگانی لەنێوان توركیا و وڵاتانی عەرەبی.

زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە شەڕی ناوخۆی سوریا کوژراون؛ ئەو شەڕەی لە دوای سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە لایەنگرەکانی دیموکراسی لە ساڵی 2011 دەستی پێکرد.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP