دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەرچەرخانێکی گەورەدایە و مادەى هۆشبەریش ئاڵنگارییەکى مەترسیدارە

هەرێم نیوز
لە ڕۆژی 22ی تشرینی دووەمی 2024، پێنجەمین «كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست» لە زانكۆی ئەمریكی لە كوردستان لە پارێزگای دهۆك دەستی بە كارەكانی كرد و ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو.

 بۆ ئەم كۆڕبەندە زیاتر لە 120 سەرۆك و سەركردە و سیاسەتمەدار و دیپلۆمات و توێژەری ئەكادیمیستی ناوەندەكانی توێژینەوە لە 40 دەوڵەتەوە بانگهێشت كرابوون. بێجگە لە چەندین وتار كە لەلایەن كەسایەتییە دیارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقەوە پێشكەش كران، چەندین پەنێڵی گرنگیش لەسەر پرسی ئاڵۆزیی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە و جیهان پێشكەش كران، یەکێک لەوانەى کە لە دەستپێکى کۆڕبەندەکەدا قسەى جدی کرد مەسعود بارزانى سەرۆکی پارتى دیموکراتى کوردستان بوو کە تیشکى خستە سەر بابەتە گرنگە ناوخۆیی و هەرێمى و جیهانییەکان، ئەولە وتارەکەیدا گوتى:

ماوەی 100 ساڵ ئینكاری بوونی نەتەوەی كورد كرا، كوردیش 100 ساڵ بەرخۆدانی كرد، نە ئینكاری بوونی كورد، نە كوردیش توانی ئەو واقیعە بگۆڕێ، ئەمە چیمان پێ دەڵێ؟ دەڵێ: دەبێ دانیشین و بیر لە چارەسەری ئاشتییانە و برایانە و ڕێز لە یەكتریگرتن و یەكتری قبووڵكردن بكەینەوە. ئەمەیە ڕێگەی ڕاست بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە..

بارزانى لە گوتارەکەیدا وێڕاى جەختکردنەوە لەسەر ئاسایش و چارەسەرى ئاشتییانە گوتى: بەلای منەوە لە هەموو ئالنگارییەكان گەورەتر، بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەرە لە ناوچەكە كە لە هەموو شتێك مەترسیدارترە و بەداخەوە ئێستا زۆر لایەن كە دەسەڵاتیان هەیە، دایدەپۆشن، كارخانە دروست دەكرێ بۆ دروستكردنی مەوادی هۆشبەر و ناتوانن هیچی لێ بكەن، بازرگانییەكی ئازادانەی پێ دەكرێ، ئەمە مەترسییەكی گەورەیە و ئەمە كوشتنی نەتەوەیەكە.
جەختیشى کردەوە لە سەر پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا و رایگەیاند ئێستا باشترین کاتە بۆ بەێڕوەچوونى پرۆسەى ئاشتى و گوتیشى لەو بوارەدا چیمان پێبکرێت درێغى ناکەین. 

مسرور بارزانیش سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری زانكۆی ئەمریكیی كوردستان لە دهۆك، لە پەیامێكیدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە دەبێت ئەو زانیاری و بۆچوونە جیاوازانەی لەم كۆڕبەندەدا پێشكەش دەكرێن، جارێكی دیكە توێژینەوەی وردیان لەسەر بكرێت و بكرێنە پێشنیار و ڕاسپاردەی بەسوود بۆ ئەوەی سیاسەتمەداران و بڕیارسازان بتوانن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سوودی لێوەربگرن.

خاڵی زۆر گرنگ كە جێگەی هەڵوەستە بوو و لەم كۆڕبەندەدا جەختی لەسەر كرایەوە، مەترسیی فراوانبوونی شەڕەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بوو، بەوەی بگاتە ئەو ئاستەی شەڕی سێیەمی جیهانی بەرپا بێت، لەمەشدا مەترسیی ئەوە هەیە، چۆن لە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی یەكەمی جیهانی لە چوارچێوەی پەیماننامەی «سایكس- پێكۆ» سنووری ئەم ناوچانە كێشرانەوە، كە هیچ كام لە گەلانی ناوچەكە بە «كورد، عەرەب، تورك و فارس»ـەوە پێی ڕازی نەبوون و، دەستێكی دەرەكی بەسەر هەموو گەلانی ناوچەكەیان سەپاند، لە ئێستاشدا ئەو مەترسییە هەیە كە هەمان سیناریۆ

دووبارە ببێتەوە و بە دەستی دەرەكی نەخشەی ئێستای ناوچەكە گۆڕانكاری بەسەردا بێت و دووبارە فەرز بكرێتەوە.

لەم كۆڕبەندەدا جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە، كە نابێت ڕێگە بە دەستی دەرەكی بدرێت، واقیع بەسەر گەلانی ناوچەكە فەرز بكات و پێویستە گەلانی ناوچەكە بە هاوكاری و لێكتێگەیشتن و زمانی دیالۆگ كێشەكانی خۆیان چارەسەر بكەن. بێگومان ئەم كۆڕبەندە، پێشنیار و ڕاسپاردەی زۆر گرنگ بۆ ئەم ئاراستەیە دێنێتە بەرهەم، كە ئەگەر كاری پێ بكرێت و ئیرادەی هەموو لایەك بخرێنە گەڕ و بە گیانی لێبوردەیی یەكتری قبووڵ بكەن، ئەوا چارەسەركردنی كێشەكان ئاستەم نابێت و شەڕ كۆتایی دێت و ئاشتی و سەقامگیری جێگەی دەگرێتەوە، هەرێمى کوردستانیش بەشێک دەبێت لەو گۆڕانکارییانە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP