هەرێم نیوز
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگهیاند، قەوارەی زایۆنی بە بیانوی درۆ کە مەبەستی شەڕانگێزی ئهو قهوارهیه ئاشکرا دەکات، هەڕەشەی لە عێراق کردوە، دهشڵێت، بە دانپێدانانی نەتەوە یەکگرتوەکان عێراق بوەته وڵاتێک کە هەمو مەرجەکانی گۆڕانکاری دیموکراسی و سیاسی و گەشەپێدانی لهخۆگرتوه.
محەمەد شیاع سودانی لەمیانی بەشداریکردنی له ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی وەزارەتی دەرەوە، بەبۆنەی 100 ساڵەی دامەزراندنی وەزارەتەکەوە، پیرۆزبایی یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی کرد، کە دەکاتە ساڵی 1924 و دەستپێکردنی کاری دیپلۆماسی بۆ دەوڵەتی عێراقی نوێ و گواستنەوەی وڵاتەکە دوای سەربەخۆیی و بەشداری کردنی لە کۆمەڵەی نەتەوەکان بۆ ئەوەی ببێتە کۆڵەکەیەکی کاریگەری نێودەوڵەتی و ناوچەیی لە نێو گەلاندا.
وتیشی، "ئیسرائیل بە بیانووی ناڕاست و بێ بنەما كە مەبەستیەتی شەڕەنگێزی بڵاوبكاتەوە، هەڕەشەی لە عیراق كردووە و بە دانپێدانانی نەتەوە یەكگرتووەكانیش، عیراق هەموو مەرجەكانی گۆڕانكاری لە دیموكراسی و سیاسی و گەشەپێدان بەدیهێناوە".
سودانی ئاماژەی بەوەشكرد، عیراق بەهۆی سیاسەتەكانی رژێمی دیكتاتۆری پێشوو تووشی گۆشەگیری بوو، بەڵام لەدوای ساڵی 2003 وە بە خێرایی پێگەی خۆی بەهێزكردەوە و گەڕایەوە ناو گۆڕەپانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئیسرائیل نامەیەکی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ناردووە و گرووپە چەکدارەکانی عێراق تۆمەتبار دەکات بەوەی هێرشی کوشندەیان دژی ئیسرائیل ئەنجامداوە، هاوکات بە مافی خۆشی دەزانێت وەڵامی ئەو هەڕەشانە بداتەوە کە لە خاکی عێراقەوە دەکرێتە سەریان.