هەرێم نیوز
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنێکدا کە بەشێکی بە نهێنی بەڕێوەدەچێت، هەڕەشەکانی ئیسرائیل تاوتوێ دەکات.
مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی “سەباح” ڕایگەیاند، رۆژی سێشەممە ئەنجومەنەکە دانیشتنێک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەڕەشەکانی ئیسرائیل ئەنجام دەدات کە بەشێکی بە ئاشکرا و بەشێکیشی بە نهێنی بەڕێوەدەچێت.
مەشهەدانی رایگەیاند: “ئەنجومەنی نوێنەران نوێنەری گەلە و بە هیچ جۆرێک دەستدرێژیکردنە سەر سەروەری عیراق قبوڵ ناکات، لە چوارچێوەی یاسا و دیپلۆماسیەتدا هەموو ڕێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر” و پشتیوانی ئەنجومەنەکەشی بۆ حکومەت دووپات کردەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە هەموو ڕێکارێک دەگرنەبەر بۆ کردنەوەی کەناڵی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتە کاریگەرەکان بۆ ئەوەی عێراق لە هەر دەستدرێژییەک بپارێزرێت.
ئەم کۆبونەوەیە بۆ گفتوگۆكردنە له بارهی پێنج تهوهر کە گرنگترینیان هەموارکردنەوەی بڕگەی خهرجی و داهات و بڕی تێچوی بهرمیلێك نهوتی بەرھەمھێنراوی ھەرێمی کوردستان له یاسای بودجە بۆ ساڵی 2025، پهرلهمانی عێراق رۆژی سێشهممهی ئهم ههفتهیهی دیاریكردوه بۆ بەڕێوەچونی یەکەمین دانیشتن بە سەرۆکایەتی مەحمود مەشهەدانی وەک سەرۆکی پهرلهمان دوای نزیکەی ساڵێک لە بەڕێوەبردنی دانیشتنەکان لهلایهن سهرۆكێكی بە وەکالەتهوه.
ئهوهش لهكاتێكدایه دوای چهندین دانیشتن ئهمجاره یاسا مشتومڕاوییەکان لە بەرنامەی کاردا نین، کە یاسای باری کەسایەتی و لێبوردنی گشتی و گەڕاندنەوەی ئەو موڵکانەی کە بڕیارەکانی ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕش دەیگرێتەوە بۆ خاوەنەکانیان و هەروەها یاسای خزمەتگوزاری حهشدی شهعبی و خانەنشینی بوون.