دواین هەواڵ

کلتور‌

 پێش 3 هەفتە

تیۆدۆر ئادۆرنۆ

شوان ئەحمەد

مەزنە فەیلەسوفی ئەڵەمانی مارتن هایدیگەر، لە شوێنێكدا دەنوسێت: (دوو زمان بۆ فەلسەفاندن هەیە، زمانی یۆنانی ‌و زمانی ئەڵەمانی). هایدیگەر بەو قسەیەی دەیویست تەعبیر لەوە بكات كە فەلسەفە و كێشە ئاڵۆزەكانی، تەنها لە ڕێی زمانی ئەڵەمانی ‌و یۆنانیەوە گوزارشتی لێدەكرێت. ئەو دەیوت لە كۆندا زمانی گریك زمانی فەلسەفە بووەو لە ئێستاشدا، زمانی ئەڵەمانی توانای ڕاپەڕاندنی ئەو ئەركانەی هەیە.
لە ڕاستیدا‌و بە چاو خشاندنێكی خێرا بە سەر مێژووی فەلسەفەدا، دەبینین ئەو قسەیەی مارتن هایدیگەر هەقیقەتی زۆری تێدایە، چونكە كاروانی مێژووی فەلسەفەی خۆرئاوا، ڕووبەرێكی گەورە‌ و گرانی، فەیلەسوفانی گریك ‌و ئەڵەمانی پاوانیان كردووە.
هەر لە (هیراكلیت‌ و پارمنیدس‌ و ئەنیكسیماندەرس ‌و سوكرات‌ و ئەرستۆ‌ و ئەفلاتۆن) ەوە، بۆ (كانت‌ و هیگڵ ‌و فیختە ‌و ماركس‌ و نیتشە‌ و هایدیگەر‌ و ئادۆرنۆ‌ و هۆكهایمەر و هابەرماز ‌و پیتەر سڵۆتەردایك‌ و.... هتد).
تیۆدۆر ئادۆرنۆ ناوێكی دیار و سەنگینی كایەی فەلسەفەی ئەڵەمانیە‌و یەكێكە لە بیریارە بەناوبانگەكانی قوتابخانەی فرانكفۆرت، ئەو قوتابخانەیەی ساڵی 1923 لەلایەن فیلكس ڤایلەوە دامەزرێنراو بە درێژای ئەم نەوەد و شەش ساڵە، خزمەتێكی گەورەی بە كۆمەڵگە مرۆییەكان كردووە.

ئەدۆرنۆ ساڵی 1903 لە شاری فرانكفۆرتی ئەڵەمانی هاتۆتە دنیاوەو ساڵی 1969 بە نەخۆشی دڵ كۆچی دوایكردووە. لە ماوەی شەست و پێنچ ساڵەی تەمەنیدا، باسگەلێكی زۆری لە بوارە جیاجیاكانی فیكر و فەلسەفە و سۆسۆلۆژیا و هونەر و كولتوور و موزیكدا، نوسیووە.

ئەمڕۆ لە سەرتاسەری جیهان و لە تەواوی ئەو بوارانەدا، نوسینەكانی بونەتە ژێدەرێكی گرنگ بۆ تێگەیشتن لە جیهانی مۆدێرن ‌و حاڵیبوون لەو كێشە و قەیرانە زۆرانەی، لە ئێستادا بەرۆكی مرۆڤایەتیان گرتووە.

ئەم کارەکتەرە هەر نوسەرێكی ئاسایی نەبووە، بەڵكو ڕەخنەگرێكی سەرسەختی كۆمەڵگەی مۆدێرنیش بووە. ئەو كۆمەڵگەیەی بەهۆی گەشەی زۆری ئامێرەكانی تەكنیك‌ و تەكنۆلۆژیاوە، مرۆڤ‌ و زیندەگیان كۆنترۆڵكردووە.

لەگەڵ هاتنە سەركاری نازیەكاندا، وەكو تەواوی ئەندامانی قوتابخانەی فرانكفۆرت وڵات جێدێڵێت ‌و ڕوو دەكاتە شاری نیویۆرك، لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا‌و لەوێ‌ درێژە بە پرۆژە فەلسەفیەكانی دەدا.

ئەدۆرنۆ بە حوكمی ئەوەی لە بنەماڵەیەكی مۆسیقیدا گەورەبوو بوو، بەشێكی زۆری نوسینەكانی تەرخان بوو بۆ ئەو بوارە. لەوانە مۆسیقای جاز‌ و پێشكەكیەك دەربارەی سۆسیۆلۆژیای مۆسیقا‌ و كتێبی (گەڕان بە دووی ڤاگنەر ‌و كتێبە چاپ نەكراوەكان).

لە بواری فەلسەفە‌ و سۆسیۆلۆژیاش دا بەرهەمگەلێكی دیكەی هەیە، ڕەنگە بەناوبانگترینیان كتێبی (مینیمیا مۆرالیا و دیالەكتیكی ڕۆشنگەری)بن، كە ئەمەی دواییان بە هاوبەشی لەگەڵ ماكس هۆركهایمەری هاوبیر و هاوڕێیدا، نوسیویەتی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP