هەرێم نیوز
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، "مووچەی مانگی 10 بە زووترین کات دەگاتە وەزارەتی دارایی هەرێم، دەشڵێت، سودانی فەرمانی بە تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی کردووە بە زووترین کات ئەو مووچەیە ڕەوانە بکات."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17-11-2024، ڕێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "هەر ئەمڕۆ لەبارەی دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی هەرێمی ، لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی کۆ بووەتەوە."
وتیشی، "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و فەرمانی بە تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی کردووە بە زووترین کات ئەو مووچەیە ڕەوانە بکات."
ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاریی، وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەران دەکرێت و بە زووترین کات ئەو مووچەیە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق."