هەرێم نیوز
ئەپیکۆر رایگهیاند، پێشوازی لە پێشنیازی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە دهكات و دیاریکردنی 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێکی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیاکانی نەوت به "گونجاو" ناودهبات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ی 11ی 2024، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پێشوازی لە پێشنیازی هەموارکردنەوەی مادەی 12ی یاسای بودجە دەکەن، بەڵام پێیوایە کە "بەو ڕەشنوسەی ئێستا هەیە بوارێکی تەواو هەیە بۆ جێگرتنەوەی مەرجە بازرگانییەکان و گەرەنتی پێدانەوەی قەرزەکان لە ڕابردو و ئێستاشدا".
ئەپیکۆر باسی لهوهشكردوه، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رێكدەكەون و دەستپێكردنەوەی نەوت لەڕێی هێڵی بۆریەكانی عێراقەوە بە قازانجی سەرجەم گەلی عێراق دەشكێتەوە.
له 25ی (ئازار/3)ی 2023وه بەپێی بڕیاری دەستەی ناوبژیوانی ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ جیهان ڕاگیراوه.
هەروەها، حهیان عهبدولغهنی، وەزیری نەوتی عێراق دوێنێ چوارشهممه لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پرسی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەت و هەرێمی کوردستان لە بواری نەوت و گەیاندنی بەرهەمهێنان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت كۆبونەوە.
وهزیری نهوت له لێدوانێكدا باسی لهوهكردوه، "کۆبونەوەکە بە مەبەستی گفتوگۆیە لە پرسە هاوبەشەکانی پەیوەست بە وەزارەتی نەوت و لیژنەی دارایی، بەتایبەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جیهانی تورکییەوە، هەروەها بەپێی بڕیاری حکومەت لە ماوەی 60 رۆژدا لیژنەیەك لە هەردو وەزارەتی نەوت و دارایی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم پێكدەهێندرێت، و بڕی نەوتی خاوی هەرێم لەلایەن کۆمپانیاکانی نەوتەوە وەردەگیرێت و داهاتەکانی بۆ بودجەی فیدڕاڵی دەڕوات".