هەرێم نیوز
برایان هوک ڕۆژی چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەم تۆڕە ئەمریکییە ڕایگەیاند، کە ئامانجی ترامپ بریتی دەبێت لە "گۆشەگیرکردنی دیپلۆماسی کۆماری ئیسلامی ئێران و لاوازکردنی ئابوورییەکەی بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت گروپە بە وەکالەتەکانی وەک حوسییەکان، حە. ماس، حیز..بوڵڵا، حە.شد" پارەدار بکات." کە سەقامگیری ناوچەکە و هاوبەشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان و ئیسرائیل تێکدەدەن."
کەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری سێ سەرچاوەی شارەزاوە ڕایگەیاندووە کە چاوەڕوان دەکرێت برایان هوک سەرکردایەتی تیمی گواستنەوەی ترەمپ بکات لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
ماڵپەڕی هەواڵی پۆلەتیکۆ نووسیویەتی، هوک بەرپرسیار دەبێت لە "سەرپەرشتیکردنی بەرنامەکانی وەزارەتی دەرەوە" لە ئیدارەی داهاتوویدا بە پشتبەستن بە ئەزموونی خۆی لە ئیدارەی یەکەمی ترەمپ.
ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی هەروەها ڕایگەیاندووە کە بەرپرسیارێتی دیپلۆماتکارانی ئەمریکی لە کاتی گواستنەوەی دەسەڵاتدا دراوەتە ئەستۆی هوک کە بە ڕوانگەی توندی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران ناسراوە.
برایان هوک لە قسەکانیدا ڕایگەیاند کە "ئامانجی ترامپ گۆڕینی ڕژێمی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران نییە، چونکە خەڵکی ئێران دەبێت بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن".
هوک وتی: ترەمپ دەزانێت لە ئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێکە لە ناوچە دینامیکەکانی جیهان بۆ گەشەپێدانی کەلتوری و ئابووری، بەڵام توندڕەوی و هەناردەکردنی ئایدۆلۆژیای ئێران لەم ڕێگایەدا ڕێگرن.
وتیشی: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێڵی پێشەوەی سیاسەتی شەڕانگێزی ئێرانە و بە بۆچوونی من ئەگەر ئەمریکا ڕووبەڕووی ئێران ببێتەوە، وڵاتانی ناوچەکەش هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران.
عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەرامبەر هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا لێدوانی نەبووە. بەڵام مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران وتی، هەڵبژاردنی ئەوەی کێ دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێمە گرنگ نییە.
لە لایەکی دیکەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ وتی: هەڵبژاردنەکان دەرفەتێکە بۆ پێداچوونەوە بە ڕێبازە هەڵەکانی ڕابردووی ئەمریکا.
لە سەردەمی سەرۆکایەتی پێشووی ترەمپدا، ئێران گورزی گەورەی ئابووری بەرکەوت و گەمارۆ و سزای ئابووری توندی خرایە سەر.
گورزێکی دیکەی بەهێزی ترەمپ بەرامبەر ئێران، کوشتنی سولە*یمانی فەرماندەی فەیلەقی قو*.دس بوو.
جگە لە ناکۆکی لەمێژینەی نێوان ئێران و ئەمریکا و پرسی کوشتنی سو*لەیمانی، شەڕی غەززە و لوبنانیش بابەتی گرنگی ئایندەی پەیوەندییەکانی تاران و واشنتۆن دەبێت.
هێشتا دیار نییە وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشی ئیسرائیل چۆن و کەی ئەنجام دەدرێت.
دوێنێش بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پیرۆزبایی سەرکەوتنی لە دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکاندا کرد. نووسینگەی نەتانیاهۆ دەڵێت، هاوکاری سەبارەت بە "ئاسایشی ئیسرائیل" و ڕووبەڕووبوونەوەی "هەڕەشەی ئێران" لەو بابەتانە بوون کە لەم وتووێژەدا وروژێنراون.