هەرێم نیوز
دۆخی مەسیحییەکانى کوردستان لە ئێستادا لەسەرانسەری وڵاتانى ناوچەکەدا لە هەمووان باشتر و لەبارتر و ئارامترە، ئەوە لە کاتێکدا بە سەرى ساڵی زاینى و جەژنى مەسیحییەکانى جیهاندا تێدەپەڕین، لە کوردستان ماڵى کریستیانەکان نوساون بە ماڵى موسڵمانەکانەوە، کڵێسا و مزگەوتەکان هێندە لەیەکەوە دوور نین، ئاشتەوایی کۆمەڵایەتى هیچ کاتێک لەنێوان ئەم دوو پێکهاتەیەدا بە دۆخی خرپدا تێنەپەڕیوە تا دەستێکى دەرەکی یان ئەجێندایەکی دەرەکی لە پشتەوە نەبووبێت، بەجۆرێک هیچ جیاوازییەک لەنێوان موسڵمان و مەسیحیەکاندا نەکراوە، نە ئەوان نیگەران بوون لە موسڵمانان و نە ئەوایش بەتوانجەوە لە پەرستش و کڵێساکانى ئەوانیان روانییوە، سەرەڕاى ئەوە کەمینەیەکى زۆر کەم بوون.
مێژووی هاتنی مەسیحییەکان بۆ کوردستان دێرینە و بۆ سەردەمانی کۆن دەگەڕێتەوە، هەر بۆیەش چەندین دێر و کەنیسە و شوێنی ئایینی لە کوردستاندا هەن، کە لەسەر ئاستی جیهاندا بایەخیان پێدەدرێت و گرنگن.
کۆنترین شوێنەواری ئایینی مەسیحییەت کە لە کوردستان تۆمارکراوە، شوێنەواری (دێری مار مەتێ) یە لە باشووری کوردستان، کە دەکەوێتە باکووری شاری مووسڵ و نزیکە لە شاری بەعشیقە و کەوتووەتە دامێنی چیای مەقلووب. هەڵکەوتە و شوێنی جوگرافیی ئەم دێرە، دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی لەم چیایە درووست کردووە.
دێری مار مەتێ بە کۆنترین دێری کریستیانە سریانییەکان لە کوردستان و هەموو ئێراق دادەنرێت و بەهۆی مێژووە کۆنەکەی، لەسەر ئاستی جیهاندا گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ئەم دێرە لە سەدەی چواری زایینی واتا لە سەردەمی دەسەڵاتداریی پاشای ئاشووری، مەلیک سەنحاریب درووست کراوە. تەمەنی ئەم دێرە زیاتر لە 1600 ساڵە و لە کۆتاییەکانی سەدەی چواری پێش زایین، واتە لەنێوان ساڵانی 361- 363، نزیکەی 300 ساڵ دوای بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحییەت، لەلایەن کەسایەتییەکی کورد، کە لە بنەماڵەیەکی دیاری ئامەد بوو، بە ناوی مار مەتێ، درووست کراوە.
بە گوێرەى سەرچاوەکان مار مەتێ یەکێک لە حەوارییەکانی عیسا مەسیح بووە، کە بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ئایینی مەسیحی بەرەو ناوچەکانی کوردستان هاتووە و لە ناوچەی نەینەوا، لەگەڵ ڕەبەنەکان شوێنێکیان دامەزراندووە بۆ پەرستش و نزا و بانگهێشتکردنی خەڵک بۆ ئەم ئایینە.
ئەم پەرەستگایە ، کە نزیک بوو لە سنووری هێرشی دەوڵەتی ئیسلامیی ئێراق و شام (داعش) ، لە ساڵی 2014 هەڕەشەی تەقاندنەوەی لەسەر بوو، بەڵام لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە پارێزراوە، لە ئێستادا دێرەکە لەلایەن کڵێسای ئۆرسۆدۆکسی سوریانیەوە پارێزگاریی لێدەکرێت و ساڵانە مەسیحییەکانی ئایینزا جیاوازەکانی کڵێسا لە ١٨ی ئەیلول دا لە دێرەکە کۆدەبنەوە و یادی ڕۆژی مردنی مارمەتی دەکەنەوە.
دێری مارمەتی کتێبخانەیەکی دەوڵەمەندی ھەبووە کە بە درێژایی مێژووی دوور و درێژی خۆی ھەزاران دەستنووسیان تێدابووە. بەڵام زۆربەی دەستنووسەکان لە ساڵی ٤٨٠ی زایینی بەھۆی ئاگرێکی گەورەوە لەدەستچوون و لە ھێرشەجیاوازدا بۆ سەریان زۆرینەیان لەناوچوون و ئەمڕۆ تەنھا ٢٢٤ دەستنووس لە کتێبخانەکەیدا ماوە. کۆنترین دەستنووس کۆپییەکی پەیمانی نوێیە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٢٢٢ی زایینی.
ئیتر لەو کاتەوە تا ئێستا کەنیسە و دێر و پەرستگاکانى مەسیحییەکان لە کوردستان هەبوون و تا ئێستاش لە سەرجەم پارێزگاکانی کوردستان -جگە لە پارێزگاى هەڵەبجە- کەنیسەیەک و بگرە زیاتریش بوونیان هەیە، نەک هەر ئەوە بەڵکو ژمارەی زۆری موسڵمانا و کەمی مەسیحییەکان لە کوردستان نەبووەتە مایەى چەوساندنەوە و بە چاوێکى کەمتر سەیرکردنیان، ئێستاش کەبەرەو بۆنەکانى سەری ساڵ و کریسمس دەچین هیچ کەس و لایەنێک رێگر نەبووە لەو بۆنەیەو و بگرە هاوکاریان بوون و دیارییان بۆ بردوون و پیرۆزبایشیان لێکردوون. ئەوەش نیشانەى تواناى پێکەوە ژیانى کوردەکانە لەگەڵ ئەوانى تردا، بەتایبەتى مەسیحییەکان.