هەرێم نیوز
بەهۆی دابەزینی پلەی گەرما و دەستپێکی شەپۆلی سەرما، جەستەی مرۆڤ پێویستی زیاتری بە کۆمەڵێک خواردن و خواردنەوە هەیە بۆ بەهێزکردنی بەرگریی جەستە و خۆپاراستن لە پەتا و هەڵامەت، هەروەها بۆ نەهێشتنی هەستکردن بە سەرما و رێگریکردن لە قەڵەوی.
دکتۆر کامەران رەسوڵ ژاژڵەیی پزیشکی پسپۆڕی زانستیی خۆراک لە نوێترین بڵاوکراوەیدا ئاماژە بە دیارترین ئەو خۆراکانە دەکات کە پێویستە لە وەرزی پایز و زستاندا بخورێت، کە گرنگترینیان بریتین لە:
١. میوە مزرەمەنییەکان و کێوی و هەنار و سێو کە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین سی و ئەی و ماددە دژە ئۆکسانەکانی تر.
٢. سەوزە گەڵا تۆخەکان وەک کەلەرم، قەڕەنابیت، نەعنا.
٣. پاقلەمەنییەکان بە تایبەت شۆربای نیسک، نۆکاو، لۆبیا، ماش.
٤. سیر و پیاز یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی بەرگریی جەستە.
٥. هەنگوینی سروشتی.
٦. زەنجەفیل؛ گرنگە بۆ کەمکردنەوەی ئاوسانی قوڕگ و کەمکردنەوەی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە و بەهێزکردنی بەرگریی جەستە.
٧. خواردنەوەی چای گژوگیا وەک چای گوڵەبەیبوون، رازیانە، گوڵەمێخەک، زەنجەفیل، چای سەوز لەبری ئەو خواردنەوانەی بڕێکی زۆر ماددەی کافاینیان تێدایە وەک چا و قاوە بە تایبەت ئەگەر شەکری تێ بکرێت، شەوان لەبری چا و قاوە کوپێک شیری گەرم یا چای گژوگیا بخۆرەوە.
٨. ماسی سەلەموون و توونە و هەموو جۆرە ماسیەکانی تر.
٩. سینگی مریشک و قەل و پەلەوەر، هەروەها گۆشتی سووری بێ چەوری.
١٠. دانەوێڵە تەواوەکان وەک ئاردی بۆر و برنجی بۆر و قاوەیی، تۆوی شیا و شۆفان لەبری ئاردی سپی و برنجی سپی.
١١. چەرەسات وەک گوێز، بادەم، ناوکە کولەکە، گازۆ.
١٢. خواردنی بڕی پێویست لە ماددە ریشاڵییەکان لەڕێگەی خواردنی سەوزە و میوە رۆژانە دوو بۆ سێ جار.
١٣. خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو رۆژانە لەنێوان ژەمەکان لانیکەم زیاتر لە شەش پەرداخی رۆژانە.